"تورکیا بە قوڵایی ١٩ کیلۆمەتر هاتووەتە سنوری شیلادزێ"، CPT  زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە

تیمی کوردستانی عێراقی CPT  نەخشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی-قفڵ'ی دەوڵەتی تورکیا بڵاودەکاتەوە و ئاماژەی بەوەدا سوپای تورکیا بە قوڵایی ١٩ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشوری کوردستان بەرەو شیلادزێ.

ناوەندی هەواڵ

 

تیمی کوردستانی عێراقی CPT لە دواین بڵاوکراوەیدا نەخشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەوڵتی تورکیا دەخاتە ڕوو، ئاماژەی بەوەدا کە  ھێزی سەربازی توركیا، لە چیا و ناوچە سەختەكانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و كوڕەژارۆ، سەربازەكانی لە ھەلیكۆپتەرەوە بە پەرەشوت ھێناوەتە خوارەوە بەناوچەكەدا بڵاویكردوونەتەوە.

 

دەوڵەتی تورکیا بە چڕی بۆردومان دەکات

 سی پی تی ئەوەشی خستەڕوو، سوپای توركیا بە قوڵایی ١٩ كیلۆمەتر، لە سنوری توركیاوە بەرەو سنوری شیلادزێ ھاتۆتە ناوەوە و لە ھەوڵدایە بۆ دروستكردنی ٥ بارەگای سەربازی لە چیای ڕەش، ئەشكەفتا برینداران، ئارس فارس، وەرخەلێ و كورەژارۆ.

 

دەشڵێت ھەر لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ'ەوە لە ١٧ی نیساندا، ھێزی ئاسمانی توركیا بە چڕی بۆردوومانی ناوچەكانی ئاڤاشین، باسیا، زاپ، كوڕەژارۆ، مەتینا و گوندەكانی دەڤەری بەرواری باڵا دەكات، بە یارمەتی ھەلیكۆپتەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ھێزی وشكانی توركیا توانیویەتی بەشێك لە چیای كوڕەژارۆ و ناوچەی زاپ داگیربكات، بەڵام شەڕ و پێكدادان لەو ناوچانەدا بەردەوامە.

 

"ئۆپەراسیۆنەکە ترسی لەناو هاوڵاتیان دروستکردووە"

لە کۆتایدا سی پی تی ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەگەرچی تائێستا ھیچ زیانێكی گیانی بۆسەر ھاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارنەكراوە، بەڵام ھەلیكۆپتەر و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیا بەبەردەوامی بەسەر ناوچە مەدەنی نیشینەكانی دەڤەری ئامێدیدا دەسوڕێنەوە و ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو ھاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەی ئامێدی'دا. لەپاڵ ئەوەشدا لەترسی بە ئامانجگرتن و بۆردوومانكردنیان، گوندنشینان ناتوانن بچن بۆ چیاكانی ئەو ناوچەیە بۆ كۆكردنەوەی گیا بەھارییەكان، كە ئەم كارە یەكێكە لە سەرچاوەكانی بژێوی ژیانی گوندنشینان.