دوای نزیکەی ٢ ساڵ دادگایی کەیسی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دانیشتنی دادگاییکردنی کەیسی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، پارێزەرێکیش دەڵێت هیچ سکاڵایەکی کەسی لەسەر کەیسەکە نییە و تاوانباریش تاوانەکەی ڕەتدەکاتەوە.

سلێمانی

 

دوو خوشك بە ناوەکانی هێلینی ١٧ ساڵ و ئاوارەی ١٩ ساڵ لە ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٠ کە دانیشتووی شارەدێی شۆرشی شارۆچکەی چەمچەماڵ بوون، دیارنەمان، پاش سێ ڕۆژ تەرمی دوو خوشکەکە بە کوژراوی دۆزرانەوە، ئەگەرچی دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی باوکی دوو خوشکەکەی دەرکردبوو، بەڵام تاوانبارەکە هەڵهاتبوو، پاش ٧ مانگ لە هەڵهاتن، تاوانبار "ف، ح، ش" لە مانگی ئاداری ٢٠٢١دا خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد و بەپێی ڕاگەیەنراوێکی پۆلیسی سلێمانی تاوانبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

 

دوای ساڵێک و ٧ مانگ لە کوشتنی هێلین و ئاوارە، ئەمڕۆ دادگاییکردنی کەیسەکەیان لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، شۆخان ئەحمەد، پارێزەر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دادگایی کەیسی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵە کە لە دادگایی تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو.

 

هیچ سکاڵا کارێک نییە و بەپێی یاساش ڕێکخراوەکان تەنها چاودێرن

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نوژنها کە لەو پارێزەرەی وەرگرتووە، هیچ سکاڵایەک لەسەر کەیسەکە نییە، لە ماوەی رابردوودا کەسێک لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراوە کە باوکی دوو خوشکەکەیە، بەڵام تاوانەکە ڕەتدەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی دوای خۆڕادەستکردنی تاوانبار لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، شۆخان ئەحمەد وتیشی: کەسوکاری دوو خوشکەکە لە ترسی ژیانی خۆیان ناوێرن ببنە سکاڵاکاری دادگا، دایکی هێلین و ئاوارە ئەگەرچی دادگا داواشی کردبوو ئامادەی شایەتی بێت، بەڵام ئەمڕۆ ئامادە نەبوو بێتە دادگا".

 

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی تەنها کەسی یەکەم و دووەمی کوژراو دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، "ڕێکخراوەکان تەنها دەتوانن چاودێربن لەسەر کەیسەکان و بۆیان نییە سکاڵا تۆمار بکەن، ئێمە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە هەوڵ دەدەین بەڵگەکان بگەیەنین و کەیسەکە بگەیەنینە ئەنجام".

 

لە دادگاکاندا کەیسەکانی کوشتنی ژنان درێژە دەکێشێت

لەبارەی درێژەکێشانی کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە دادگادا، شۆخان ئەحمەد وتی: کەیسەکانی کوشتنی ژنان و تاوانە گەورەکان کاتێکی زۆری پێدەچێت بەهۆکاری کۆکردنەوەی بەڵگەکان و لێکۆڵینەوە، ئێمە هەمیشە وتوومانە دادگاکان گرنگی بە کەیسەکانی ژنان نادەن تا زووتر لێکۆڵینەوەکان تەواو ببێت و بگوازرێتەوە بۆ دادگای تاوانەکان، بۆیە دەبینین ئەمڕۆ دوای نزیکەی دوو ساڵ، دووەم ڕۆژی دادگاییکردنی کەیسەکەیە".