هاوپەیمانی ژنانی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، کە نزیکەی ساڵێکە لە شاری هەولێر دامەزراندنی خۆیان ڕاگەیاندوه، ١٤-١٥ی مانگ کۆبوونەوەیان کرد و گفتوگۆیان لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم ڕێکخراوەکانی ژنان و کار و پرۆژەکانیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
هاوپەیمانى ژنانى کوردستان، لە ڕۆژانی ١٤ی-١٥ی نیسان لە شەقڵاوە بە ئامادەبوونى ئەندامانى هاوپەیمانێتییەکە کۆبوونەوەى ئاسایى خۆیان بەڕێوەبرد و تێیدا باسیان لە بەربەستى بەردەم ڕێکخراوەکانى ژنان و کارکردن و پرۆژەکانیان کرد.
تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان گفتوگۆکردن بوو لەبارەى "گوتارى ڕق و کینە و ئەو هێرشانەى دەکرێتە سەر رێکخراوەکانى بوارى ژن، چۆنیەتى و میکانیزمى رووبەرووبوونەوەیان"، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا بە هەماهەنگى کار لەگەڵ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بکرێت، لەپێناو دوورکەوتنەوە لە وروژاندنى بابەتەکانى تایبەت بە دۆزى ژن و کارکردنى پرۆفیشناڵانە لەسەر دۆزى ژن، هەروەها ڕەچاوکردنى بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى، لۆبیکردنى دۆزى ژن لەنێو پلاتفۆرمەکانى سۆشیال میدیا بە گرنگ زانرا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا لە نێوان ئامادەبوواندا گفتوگۆ لەبارەی بەربەستەکان و چارەسەری و پڕۆژەی داهاتوویان کرا.
هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری هەولێر ڕاگەیەندرا کە پێکدێت لە بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان، بە ئامانجی یەکخستنى توانا و یەکدەنگى ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ژن.