ئەنجێلینا جولی ناڕەزایەتی دژ بە تاوانەکانی جەنگ دەردەبرێ

ئەنجێلینا جولی، ئەکتەری ناوداری فیلم و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پزیشک و کارمەندانی کرد لە کاتی شەڕدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجێلینا جولی، ئەکتەری ناودار و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پۆستێکیدا لە ئینستاگرام داوای سنوردارکردنی زیانەکانی شەڕ و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پزیشک و کارمەندانی کرد لە کاتی شەڕدا.

 

لە پۆستەکەی ئینستاگرامەکەیدا نوسیویەتی: "لە ساڵانی ڕابردوودا هاوڵاتیانی مەدەنی بوونە قوربانی سەرەکی شەڕ، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کوژران، ئەوانی دیکە بێ خواردن، ئاو، گەرما و پەناگە مانەوە، ملیۆنان هاوڵاتیش ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، بەپێی پەیماننامەکانی جنێف دەبێت سەربازان و هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزرێن و هەوڵبدرێت بۆ سنوردارکردنی زیانەکانی جەنگ و کەمکردنەوەی ئازارەکان".

 

لە پۆستەکەیدا کورتەیەک لە یاساکانی جەنگی پەیماننامەی جنێفی بڵاوکردەوە، "نابێت لە کاتی جەنگدا خەڵکی مەدەنی بکرێتە ئامانج و نەخۆش و بریندار و کارمەندی پزیشکی و ئایینی بپارێزرێت، بایەخدان بە بریندارەکان، نەخۆشەکان و ئەو کەشتیانەی کە لە شەڕی دەریاییدا تێکشکاوە، پێویستییەکانی مانەوەی هاوڵاتی مەدەنی وەک خواردن و ئاو نابێت لەناو ببرێت، زیندانییەکان شایەنی مامەڵەی دادپەروەرانەن و نابێت ئەشکەنجە بدرێن و دەستدرێژییان بکرێتە سەر، دەستدرێژی سێکسی و هەموو شێوازەکانی توندوتیژی سێکسی قەدەغەکراوە و پێشێلکردنی ئەم یاسایانە بە تاوانی جەنگ هەژماردەکرێت".

 

لە کۆتایدا ئەو ئەکتەرە دەڵێت پێویستە هەموو لایەنەکانی ململانێکە پەیڕەوی ئەو یاسایانە بکەن.

 

ت.پ