تاڵیبان ئەفغانستانی کردە زیندانێک بۆ ژنان

ئەو یاسایانەی تاڵیبان بەسەر ژناندا سەپاندوویەتی، وەک بێبەشکردنی لە خوێندن و کارکردن، وایکردووە زۆرێک لە ژنان خۆیان بکوژن یاخود هەوڵی خۆکوشتن بدەن، توشبوون بە نەخۆشیە دەروونییەکان لە زیادبووندایە و ڕێکخراوە جیهانییەکانیش بێدەنگن.

سوروشا ئەمین

 

ناوەندی هەواڵ- دوای دوو ساڵ لە ڕووخانی کابول و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستاندا، ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر کار و خوێندنی ژناندا سەپێندرابوون زیادیان کردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان ببن.

 

لەدوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، هەوڵیدا زیاتر لە ٢٠ یاسا کە مافی ژنان دەستەبەر دەکات ڕەت بکاتەوە و مافی ژنانی پێشێلکرد، ژنانی لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دورخستەوە، ڕێگری کرد لەوەی ژنان بەشداری لە کایەی سیاسی، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکییە ئابووری و بواری خوێندن کرد.

 

"بەهۆی تاڵیبانەوە دۆخی ژنان تا دێت خراپتر دەبێت"

لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، دۆخی ئابووری خراپتر بوو، سنووردارکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان و کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بوو، هەژاری و بێکاری زیادی کرد، هەروەها ژنان ڕێگریان لێدەکرا لەوەی بخوێنن، ئەمەش بووە هۆکار بۆ زیادبوونی کێشەی ژنان و زیادبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان، هەر بۆیە زۆرینەی ژنان هەوڵی خۆکوشتنیان دەدا یاخود خۆیان دەکوشت.

 

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەفغانستان کە دەسەڵاتی پیاوسالاری زاڵ بووە، بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان، بەدەست نەخۆشییە دەروونییەکان دەناڵێنن، جگە لەوەش سەرکوتکردنی ژنان بەردەوامە و دۆخی ئابووری و قەرانەکان تا دێت زیاد دەکات، لەدەستدانی ئازادی، زیادبوونی هاوسەرگیریی زۆرەملێ، و توندوتیژی خێزانی، هەموو ئەو هۆکارانەن کە وایکردووە ژنان لە ئەفغانستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر تووشی لاوازی ببن، ئەمەش وایکردووە تووشی خەمۆکییەکی توند ببن، هەروەها نیگەرانن لەوەی کە نەتەوە یەگرتووەکان ڕووداوەکانی ئەفغانستان بە ئاسایی دەزانن.

 

"بیری خۆکوژی بەردەوام لە هەڵکشاندایە"

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی، پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی بڵاویان کردۆتەوە، لە ماوەی دوو ساڵی پێشووی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر کار و خوێندنی ژناندا سەپێندراون، بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەفغانی تووشی نەخۆشییە دەروونییە جۆراوجۆرەکان ببن، ڕاپۆرتەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ژنانی ئەفغانی کە دەستکەوتی گەورەیان لە بوارە جیاجیاکاندا بەدەستهێناوە، ئێستا ڕێگەیان پێنادرێت کار بکەن و چالاک بن، تەنانەت ڕێگەی خوێندنیشیان پێنادرێت و ئەفغانستان بووەتە زیندانێک بۆ هەموو ژنان.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەفغانستان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بیری خۆکوژییەوە، ئەمە خراپترین دۆخە، بەڵام جیهان کەمتر گرنگی پێدەدات و بە دەگمەن باسی دەکات،  قەیرانی برسێتی هەمیشە لە سەرووی مانشێتەکانی ڕۆژنامەکانەوەیە، بەڵام کەس باسی قەیرانی تەندروستی دەروونی ناکات، وەک ئەوەی مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی کات، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، لە ڕووی دەروونییەوە ژەهراوی دەبن و هیوایان بە داهاتوو و ژیان لەدەست داوە.

 

"کردەی خۆکوژی ژنان زیاترە بە بەراورد بە پیاوان"

زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ئەفغانستان دوای بزووتنەوەی تاڵیبان ڕوویدا، بەرپرسانی بزووتنەوەی تاڵیبان ئامادە نین قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەن، لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرزایی کۆمیساری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تاڵیبان فەرمانی بە نەخۆشخانەکان کردووە ئاماری خۆکوژی تۆمار نەکەن، تەنانەت مافی ئەوەشیان نییە ئامارەکانیان دەستکەوێت، بەپێی ئەو ئامارانەی لە چەندین شوێن کۆیانکردووەتەوە، ژمارەی ئەو ژنانەی خۆیان کوشتووە بە ڕێژەی ٪٧٥ زیاترە لە پیاوان.

 

لە ساڵی ڕابردوودا ٢٥٠ حاڵەتی خۆکوشتن لە ئەفغانستان تۆمار کراوە کە ١٨٨ کەسیان ژن بوون، بەڵام ڕەنگە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت و زۆرترین ژمارەی خۆکوشتنیش لە ١٠ پارێزگای ئەفغانستاندایە کە بریتین لە تەخار، کوندوز، بامیان، بەدغی، فەریاب، پەروان، کەپیسا ، نەمرۆز، هەرات، مەزار شەریف.

 

"جیاوازی جێندەر لە لوتکەدایە"

پێویستە بوترێت به شاردنەوەی ژماره ی خۆکوشتن، نابێ قەیرانی ئەفغانستان پشتگوێ بخرێت، چونکە ژنان لە ئەفغانستان بێ ئومێد بوون له بەدیهێنانی خەونەکانیان، ڕێگری خوێندنیان لێدەکرێت و ڕێیان پێنادرێت کار بکەن، هاوسەرگیریان بەزۆر پێدەکەن، ئەمەش دەری دەخات جیاوازی جێندەر لە لوتکەدایە.

 

ئەو توندوتیژی و  یاسایانەی لە ئەفغانستاندا سەپێنراون لەگەڵ بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان ناگونجێن، ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن، دەکرێت کاریگەریی کورت و درێژخایەنیان هەبێت، کاریگەرییە کورتخایەنەکانیان تێکچوونە دەروونییەکانن کە دەتوانن بە شێوەی جیاواز دەربکەون و تەنانەت زیادی بکەن ژمارەی خۆکوشتنەکان ئەم حاڵەتە لە درێژخایەندا کاریگەری لەسەر گەشەکردنی کەسایەتی دەبێت، سەرەڕای کاردانەوەی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی، بەرپرسانی تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مافی ژنانیان لە چوارچێوەی یاسای ئیسلامیدا دابین کردووە و تا ئێستاش گفتوگۆکان سەبارەت بە کردنەوەی خوێندنگاکان بۆ پەروەردەکردنی ژنان بەردەوامن.