چالاکوانانی شاری سنە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن

چالاکوانانی مافەکانی ژنان بە دروشمی "نەخێر بۆ سندووقی دەنگدان و نمایشی سیستمێکی تاکڕەو"، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان کردوو داوایان کرد تەواوی خەڵکی بایکۆتی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکوانانی ژنان لە شاری سنە ئێوارەی دوێنێ، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایانگەیاند، کە بایکۆتی هەڵبژاردنی ١٢ـەمین خولی پەرلەمان دەکەن، هەروەها داوا لە خەڵکی ئێران دەکەن، ڕۆژی ١ـی ئادار لە ماڵەکانیان بمێننەوە و ڕوونەکەنە بنکەکانی هەڵبژاردن.

 

هەروەها ژنانی چالاکوان باسیان لەوە کردووە، شۆڕشی 'ژن-ژیان-ئازادی' گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا دروست کردووە، ڕژێمی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵی وەستاندنی ئەو شۆڕشە دەدات، هەر بۆیە ئێمە وەک ژنانی چالاکوانی سنە ڕازی نین بەو هەڵبژاردنە، چونکە بناغەی سیستمی ئێران پڕ کەموکوڕییە و دان بە هەڵبژاردنێکدا نانێین، کە دەزانین تەنها ڕووکەشییە و هیچی تر.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ڕۆژی هەڵبژاردندا کە دەکاتە ١ـی ئادار، بە وتنی "نەخێر بۆ سندووقی دەنگدان و نمایشی سیستمێکی تاکڕەو"، لە ماڵەکانماندا دەمێنینەوە.

 

وتیشیان: ئێمە لە ماڵەوە دەمێنینەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین بزووتنەوەی ئازادیی ژنان زیندوو و چالاکە، لە بەیاننامەکەشدا چەندین دروشمی وەک 'نەخێر بۆ لە سێدارەدان، نەخێر بۆ زیندانی کردن بەهۆی جیاوازی بیروڕای سیاسیی، نەخێر بۆ دەسەڵاتداریی ئایدۆلۆژیی، نەخێر بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، نەخێر بۆ جیاوازیی ڕەگەزیی، نەخێر بۆ دوورخستنەوەی مامۆستایانی خوێندنگە و زانکۆکان، نەخێر بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران، نەخێر بۆ سەرکوتکردنی کرێکاران'یان دەوتەوە.