"کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بە ئامانجی ئیرادەی گەلی کوردە"

ئیبتیسام حسێن سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی پاریس ڕایگەیاند، بەو پێیەی دە ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژییەکە لە پاریس ڕوویدا، دەوڵەتی تورک دانی پێدانەنا و ڕێگەی بۆ کۆمەڵکوژییەکی دیکە خۆشکرد.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- ڕۆژی ٢٣ی کانونی یەکەم هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ڕوویدا. لەو هێرشەدا ئامینە کارا، پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد، هونەرمەند میر پەروەر و نیشتمانپەروەری کورد عەبدوڵا قزل ئەندامی ناوەندەکە شەهیدبوون، لە دژی کۆمەڵکوژی دووەمی کورد لە پاریس، گەلی کورد لە دەرەوەی وڵات ڕژانە سەر شەقامەکان و توڕەیی خۆیان لە بەرامبەر سیاسەتە جینۆسایدییەکان دەربڕی.

 

ئیبتیسام حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی قامیشلۆ ئاماژەی بەوەدا، ساکینە جانسز، لەیلا دۆغان و فیدان شایلەمەز لە ٩ی کانوونی دووەم کۆمەڵکوژ کران، ڕێکەوت نییە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا، کۆمەڵکوژییەکی لەو شێوەیە ڕوویدا و وتیشی: ئەم کۆمەڵکوژییە ئیرادەی خەڵک دەکاتە ئامانج، دووبارە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٠ ساڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە دژی ساکینە جانسز و هاوەڵەکانی ڕوویدا، کۆمەڵکوژییەک لە کەسایەتی پێشەنگەکانی شۆڕشەکەماندا ڕوویدا و گەلی کورد کرایە ئامانج، دەوڵەتە هەژموونخوازەکان دەیانەوێت لە سەدەی ٢١دا گەلی کورد بە تەواوی قڕبکەن، بۆیە لە هەموو شوێنێک هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن، چ لە ڕێگەی خیانەت و چ لە ڕێگەی ئەو ئەفسانە کە دەوڵەتی تورک بە هەموو جیهاندا بڵاوی کردووەتەوە.

 

"تۆمەتبارنەکردنی تورکیا ڕێگەی بۆ کۆمەڵکوژییەکی نوێ کردەوە"

ئیبتیسام حسێن ڕایگەیاند، ئەو لێدوانانەی فەرەنسا دەیدەن جێگای شەرمەزارییە، "وەک هەمووان دەزانن ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆمەڵکوژییەک لە پاریس دژی کورد ڕووبدات، دەزانرێت کە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوانە دەوڵەتی تورکیان، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ڕەزامەندی و پشتیوانی دەوڵەتی فەڕەنسا نەبوایە، ئەم کارانە لە فەرەنسا ئەنجام نەدەدرا. ئەگەر حکومەتی فەرەنسا ئەنجامدەرانی دەوڵەتی تورکیا نەهێنێتە پێشەوە، ئەوا ئەویش دەبێتە هاوبەشی ئەم کۆمەڵکوژییە، لە کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریسدا تاوانبارانی دەوڵەتی تورک سزا نەدران، تاوانبارنەکردنی دەوڵەتی تورک لەم کارە دڕندانەیە، ڕێگەی بۆ ئەم کۆمەڵکوژییە کردەوە.

 

"ئامانجکردنی ژنان کاردانەوەیەکە دژی بزووتنەوەی ژنان"

ئیبتیسام حسێن دووپاتی کردەوە کە بەئامانجگرتنی ژنان کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە بزووتنەوەی ژنان و بێدەنگ نابن، هاوکات داوای لە گەلی کوردستان کرد دژی ئەو کردەوانە بوەستنەوە و لە کۆتاییدا وتی: ژنان لە هەموو شوێنێک بەبێ پچڕان دەکرێنە ئامانج، ئێمە وەک ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار بە توندی ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین و دژی دەوەستینەوە، بەڵێن دەدەین کە هەمیشە لەسەر پێی خۆمان بین، خەباتمان زیاتر دەکەین و بانگەوازی ئێمە بۆ گەلەکەمان لە ئەوروپا و بە تایبەتی لە فەرەنسا ئەوەیە کە لە گۆڕەپانەکەدا بن و کاردانەوەیان بە جیهان نیشان بدەن.