کەموکورتییەکانی میدیای کوردی لە گفتوگۆیەکی کراوەدا باسکرا

لە گفتوگۆیەکی کراوەدا باس لە ڕێژەی ژنان لە پۆستەکانی بەڕێوەبەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا، و ئاماژە بە ڕۆڵی میدیا لەسەر کۆمەڵگە درا،  ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەزگاکان ئاڕاستە دەکات و لە ڕێگەی مانشێتی هەواڵەکانەوە زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر ژنانە.

سلێمانی

دوێنێ، ٩ی تشرینی دووەم لە هۆڵی خاك لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر میدیای کوردی بە ناونیشانی " لەنێوان ئاشتی کۆمەڵایەتی یان شێواندنی بەها مرۆییەکان" سازکرا، کە تیایدا ڕۆڵی میدیا و کاریگەریییەکانی لەسەر کۆمەڵگە گفتوگۆی لەسەرکرا و ڕێژەی ژنان لە پۆستەکانی بەڕێوەبەری ناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن خرایەڕوو.

 

گفتوگۆ کراوەکە بە بەشداری کنێر عەبدوڵا، نووسەر و ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، د. جوان جەلالەدین مامۆستای زانکۆ و دکتۆرا لە ڕاگەیاندنی بنکۆڵکاری ئەنجامدرا.

 

"توێژینەوەیەک دەیسەلمێنێت ژنان لە بەڕێوەبردنی میدیاکاندا لە ئاستێکی خراپدان"

کنێر عەبدوڵا، نووسەر و ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، بەشداربوویەکی گفتوگۆکراوەکە باسی پێگەی ژنی لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا کرد کە بە پێی توێژینەوەیەک ئەنجامدراوە ڕێژەی ژنان لە پۆستەکانی بەڕێوەبەری و پۆستەکانی دیکەی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی کوردی نیشاندەدات، بەڕێوەبەری دەزگا ڕاگەیاندنەکان و جێگرەکانیان، ڕێژەی ژن تیایدا سفر بووە لە کاتێکدا ڕێژەی پیاو ١٠٠٪ بووە، بۆردی ڕاوێژکاری ناو ڕاگەیاندنەکان ڕیژەی ژنان سفر بووە پیاوانیش ١٠٠٪ بووە.

 

 لە کۆی ١٤ ئەندامی هەر یەک کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی گەلی کوردستان یەک ژن هەبووە لە بەرامبەردا پێنج پیاو هەبووە، لە کەناڵی کوردسات سفر بە سێ بووە، لە کاناڵەکانی KNN و سپێدە هیچ ژنێکی تیا نییە، لە کەناڵی پەیام یەک بە چوار بووە، لە کۆی ٣٥ بەڕێوبەری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ٣٢یان پیاو بووە تەنها ٣ ژن هەبووە.

 

هەروەها لە سایتەکانی وەک، ئاوێنە، نالیا، سپی میدیا، ڕوانگە، درۆم میدیا، ئەمانە هەر لە سەرەتای دەمەزراندنیانەوە تا ئێستا ڕێژەی بەڕێوبەری ژن تیایاندا سفر بووە و ڕێژەی پیاو ١٠٠٪ بووە.

 

کنێر عەبدوڵا، باسی لە ڕۆڵی میدیاکانی ڕاگەیاندن کرد و وتی"بەداخەوە لە ئێستادا زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سایت و ڕۆژنامەکان هەوڵدەدەن کە سەرنجی بینەر ڕابکێشن بە زاڵکردنی ئەقڵیەتی پیاو سالاری و بە کەم سەیرکردنی ژن، "بە یەک ڕۆژ چوار ژنی هێنا"،  ئەمە یەکێکە لەو نمونانەی کە لە مانشێتی هاواڵەکاندا دادەنرێت بە بێ گوێدانە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە."

 

"میدیاکان جەنگی دەروونی بەکاردەهێنن"

لە درێژەی گفتوگۆکەدا د.جوان جەلالەدین، مامۆستای زانکۆ و دکتۆرا لە ڕاگەیاندنی بنکۆڵکاری، بەشداربوویەکی دیکەی گفتوگۆ کراوەکە، وتی"هەرچەندە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری هەیە بەڵام کاری پێناکرێت، بۆیە بەشێک لە میدیاکان جەنگی دەروونی بەکاردەهێنن و دەروونی مرۆڤ دەشێوێنن کە چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە".

 

وەک ئاماژەی پێکرد میدیاکان چەواشەکاری درووست دەکەن لەناو کۆمەڵگە و نەریتی خراپ لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگە دروست دەکەن، هەندێکی دیکەش زانیاری نا درووست و پروپاگەندە بڵاودەکەنەوە کە دەگات بە خوێنەران لە کاتێکدا بنەمای کاری ڕۆژنامەوانی زانیاری ڕاست و دروست و بنکۆڵکارییە.