لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دۆخی کرێکاران خرایەڕوو

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەلایەن کرێکارانەوە ڕێکخراو تێیدا چەندین ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکاران و دۆخی کارکردنیان بەتایبەت ژنانی کرێکار خرایەڕوو.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی بەئامادەبوونی ژمارەیک لەکرێکاران بە جل و بەرگی تایبەت بە پیشەکەیان کۆنگرەیەکەی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا، لە کۆنگرەکەدا باس لە سەلامەتی کار کرا، هەروەها ئامارەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران خرایەڕوو، بەیانامەیەکیان سەبارەت بە بارودۆخی کرێکاران و مافی کرێکاران خوێندەوە، جگە لەوە باس لە هێزو ڕۆڵی ژن لە بەرەو پێشبردن و دەستەبەربوونی هەلی کار بۆ ژنان باسکرا.

 

بە دروشمی "سەلامەتی کرێکاران لە پێش هەموو شتێکە، دەبێت کارەکانمان ژیانمان دابین بکات نەک بمانکاتە قوربانی" دەستیانکرد بە ئەنجامدانی کۆنگرەکە.

 

ئامارەیی گیان لەدەستدانی کرێکاران بۆ ئەمساڵ بەم شێوەیەبوون، لە پارێزگای سلێمانی ۸ کەس، لە هەولێر ۹، لە دهۆک ۲، لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ۱ کەس بوون، هەروەها ئەوەیان خستەڕوو، لە تەواوی ساڵی ڕابردوودا بەکۆی گشتی ۷۳ کرێکاران زیانیان بەرکەوتووە یاخود گیانیان لەدەستداوە، ۷ کرێکار بە کارەبا گیانیان لەدەستدا، داڕمان ۱کرێکار، کەوتنە خوارەوە ٥ کرێکار، بون بەژێر ئامێرەکانەوە ٦ کرێکار، خوێنبەربوون ۱ کرێکار.

 

شەیدا مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشان، بەیاننامەی کۆمیتەی یەکی ئایاری خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو: سەلامەتی کارکردنی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەوە گرنگە بخرێتەڕوو، خاوەنکار لەکاتی کارکردندا مەترسی کارکردن بخاتەڕوو، لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێک لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکرێتەوە، دادگاکان کار ئاسانی بۆ مافەکانی کرێکار بکەن و داواکانیان بە زووترین کات جێبەجێ بکەن، هەر کرێکارێک گیان لەدەست دەدات دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ئەرکی تێچووی کەسوکاری و پێویستیەکانی بگرێتە ئەستۆ، ژمارەیەکی کەم لە پشکنەری سەلامەتی کار هەیە لایەنی پەیوەندیدار بەردەوام ژینگەی لەبار بڕەخسێنن بۆ کرێکاران، هەر کرێکارێک دوچاری کارەساتێک بوویەوە کە ببێتە هۆی ئەوەی خاوەن پێداویستی بکات لایەنی پەیوەندیدار ئەرکەکانی لە ئەستۆ بگرێت، ئاماژەیان بەوەشدا،  حکومەت و خاوەنکار بەرپرسی یەکەمن لە سەلامەتی گیانی کرێکاران و دەستەبەر کردنی ژینگەیەکی لەبار.

 

شەیدا مەعروف، ئاماژەی بەوەکرد، کرێکاران ئامێ رو پێداویستیەکانیان بۆ دەستەبەر ناکرێت لە شوێنی کارەکانیاندا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرێکاران پشتگوێ دەخەن، وتیشی: ژنانی کرێکار زەرەمەندی سەرەکین لە کاتی کارکردندا، ڕووبەڕووی چەندین بەربەست و دەستدرێژی لەلایەن خاوەن کارەکانیانەوە دەبنەوە، لایەنەکان و دادگاکان هەوڵی تەواویان نەداوە بۆ کارکردن و کار ئاسانی کردن بۆ ژنای کرێکار.

 

لە کۆتایشدا ئامۆژگاری بۆ ژنانی کرێکاردا و وتی: ئێمە کۆمیتەی یەکی ئایار بۆ توندوتیژیەکانی دژی ژنان لەکاتی کارکردندا چەندین ڕێکار دەگرینەبەر، هەروەها ژنان و کرێکاران پێویستە هاوکارمان بن بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان و دەستەبەرکردنی پێداویستی کارەکانیان، پێویستە ژنان لەکاتی هەر توندووتیژیەک بە درێژایی کارکردن خاوەن کارەکنیان بدەنە دادگاکان و نەترسن لە ڕووبەڕوو بونەوەیان.

 

باسی لەوەشکرد، لە ڕۆژی ۱ ئایاردا بە گردبونەوەیەک پشتیوانی خۆیان بۆ کرێکاران دەردەبڕن و لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم باخی گشتی ڕێپێوان ئەنجام دەدەن .