ژنێکی گەنجی دیکە بە ئەشکەنجەی ڕژێمی ئێران گیانی لەدەستدا

هێزەکانی ئێران بەهۆی توندوتیژییەکانیانەوە بۆسەر خۆپیشاندەران ژنان دەکوژن و دواتر لە ڕێی هەڕەشەوە، هەوڵی کپکردنی ڕووداوەکە دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی تشرینی یەكەم لە كاتی ناڕەزایەتییەكانی شاری هەمەدان، هێزە سەركوتكارەكانی ڕژێمی ئێران بە داری کارەبایی لە خۆپیشاندەرانیان داوە و هەوڵی وەستاندنیان دان.

 

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە ناوی "نگین عەبدولمەلەكی"، کە خەڵکی قوروەی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ٢١ ساڵە و خوێندکاری ئەندازیاری پزیشكی لە زانكۆی تەكنەلۆجی هەمەدان، لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆپیشاندەراندا بەر هێرشی داری کارەبایی ڕژێمی ئێران دەکەوێت و لە پاش گەڕانەوە بۆ بەشە ناوخۆییەکەی گیان لەدەستدەدات.

 

لە پاش ڕووداوەکە هێزەکانی ڕژێمی ئێران، ڕژاونەتە ناو بەشە ناوخۆییەكە و هەڕەشەیان لەو خوێندكارانە كردووە، كە ڕووداوەكەیان بینیووە، ئەمڕۆ ٢٤ی تشرینی یەکەم، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی نگین، خوێندكارانی زانكۆی پیشەسازی هەمەدان، كە نگین خوێندكاری ئەو زانكۆیە بووە، بە خۆپیشاندان و مانگرتن ناڕەزایەتیەكان دەربڕی.

 

جگە لەوەش دەستەی هەماهەنگی سەندیكا پیشەییەكانی مامۆستایان لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەوانەش، بانە، سەقز، دیواندەڕە و مەریوان و مامۆستایانی خوێندنگەكان بە مانگرتن و بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن پاڵپشتی خۆپیشاندانەكانیان كرد.