تەژەکە-ئە: هەنگاوی هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان چووەتە قۆناغێکی نوێوە

کۆردیناسیۆنی تەژەکە-ئە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا بە هەنگاوی نوێی 'تیشکەکانی خۆر' بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەگەیەنن بە هەموو کەس و جێگەیەک.

ناوەندی هەواڵ

 

سەبارەت بە هەنگاوی هەڵمەتی "ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کۆردیناسیۆنی تەژەکە-ئە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

"مەشخەڵی ئازادی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەبێتە جیهانی"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە بەرخۆدانی ئیمراڵییدا لە دژی پیلانگێڕی نێوەنەتەوەیی لە تێکۆشاندایە، لەگەڵ ئەمەشدا گەلی کورد، گەنجان، ژنان و دۆستانی گەلی کورد لە بەرخۆدانی گەورەدان، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی ڕژێمی فاشیست و قڕکەری ئاکەپە-مەهەپە تێکۆشانێکی گەورەی ئازادی بەڕێوەبردووە و هاتووە: "هەموو ئەو تێکۆشانانە لە کەسێتی ڕێبە ئاپۆدا یەکدەگرێت و گۆڕدراوە بۆ مەشخەڵێ ئازادی.

 

ڕێبەر ئاپۆ نەک بەتەنها داخوازی ئازادی گەلی کورد دەکات، بەڵکو لەبەرئەوەی پارادیمەکانی ئازادیی هەموو گەلانی جیهانی ئافراندووە، لە ئیمراڵیدا گۆشەگیرکراوە و لە ناو سیستەمی گۆشەگیریدا لەناوبردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

'ڕووناکی خۆر بگەیەنین بە هەموو جێگەیەک'

باس لە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کراوە و تێیدا هاتووە: دۆخی ئێستا پێویستی بەوەیە کە قۆناغی پیلانگێڕیی بە تەواوی لە ناو ببرێت، گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بشکێندرێت و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەربکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە تێکۆشانەکان زۆر زیاتر ببێت. وەک تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە) ڕایدەگەیەنین هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بە ئەنجامدانی کامپینی 'تیشکی خۆر' دەربازی قۆناغێکی نوێ دەکەین. کامپینەکە بە مانای گردبوونەوەیە لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ. فکرەکانی رێبەر ئاپۆ بگەیەنین بە هەموو کەس و جێگەیەک، ڕووناکی خۆر بگەیەنین بەو جێگەیانەی لە تاریکیدان.

 

لە کۆتاییدا بانگەوازی لە هەموو ژنان کراوە بەشداری هەنگاوی 'تیشکەکانی خۆر' ببن کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد'دا ئەنجام دەدرێت.