دەوڵەتی تورکیا هەوڵی دزینی ئەفسانەکانی کورد دەدات

جگە لە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە ئێستادا لە هەوڵی دزین و بە تورککردنی میتۆلۆژیا و کەلتووریی کوردی دایە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەنها بە بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی ڕانەوەستاوە و بەردەوام شەڕێکی تایبەت بەرامبەر کورد ئەنجام دەدات، لە ئێستادا هەوڵی دزین و بە تورککردنی میتۆلۆژیا و کەلتووریی کوردیی دەدات، لە دواین هەوڵیشیدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت ئەفسانەیەکی مێژوویی کورد بەناوی 'شاماران' بکات بە ناوی خۆیەوە و بەو شێوەیەی دەیەوێت دایبڕێژێتەوە، بۆ ئەوەش زنجیرەیەکی بە هامان ناونیشان بەرهەم هێناوە.

 

لە زنجیرەکەدا ناوی 'شاماران' بەستراوەتەوە بە میتۆلۆژیای تورکیی و دەیەوێت هاوشێوەی خاک و ژینگە و سرووشتی کوردستان کولتوور و مێژووش داگیر بکات.

 

شاماران میتۆلۆژیایەکی کوردییە و لە زۆربەی گێڕانەوە و پەرتووکە مێژووییە جیهانییەکاندا بەستراوەتەوە بە کوردەوە، میتۆلۆژی یان ئەفسانەگەریی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستیەکانی مێژوو زۆر زانیاریی بنەڕەتی تێدایە، شاماران خواوەندێکی ژنی دێرینی کوردییە کە بە زۆری لە باکووری کوردستاندا ناسراوە، لە مێژووی ژندا هەندێک چیرۆکی میتۆلۆژیی ڕاستییەکانی ژن دەخەنەڕوو، یەک لەو میتۆلۆژییانە شامارانە، ئەو میتۆلۆژییانە بەشێوەیەکی باش نیشانی دەدات کە ژن چۆن هەموو شتێکیان خوڵقاند، بناغەی زانست، ڕاستیی، باشیی چۆن لەلایەن ژنانەوە ئافرێندران.