دایکانی شەهیدان: پەدەکە خیانەت لە خوێنی منداڵەکانمان دەکات
دایکانی شەهیدان کە کۆچبەرن و لە شەهبا دەمێننەوە، بۆچوونی خۆیان لە دژی هاوکاریی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەگەر دەوڵەتی تورک خاکی باشووری کوردستان داگیر بکات، لەگەڵ پەدەکەش شەڕ دەکات.
حەسنا محەمەد
شەهبا- لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان چڕتر کردووەتەوە، ئەم هێرشە بە هاوکاری پەدەکە ئەنجام دەدرێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زۆرێک لە گوندەکان چۆڵکراون و خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و هەندێکیشیان برینداربوون.
لە بەرامبەر ئەو هێرش و کردەوە نامرۆڤانەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بێدەنگن و تا ئێستاش زەمینە بۆ داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا خۆش دەکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی بچێتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە، لە هەموو کوردستان گەلی کورد لەسەر پێی خۆیەتی و هەرگیز ئەم هێرشانە قبوڵ ناکات، دایکانی ئازادیخوازانی عەفرین و شەهبا ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر هێرشەکانی لەشکرکێشی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە دەربڕی.
"با بارزانی بگەڕێتەوە بۆ کوردایەتی خۆی"
ئەسیە محمەد، دایکی پاکڕەو جان خورت هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و هاوکارییەکانی پەدەکەی شەرمەزار کرد و وتی: بە توندی هاوکاریی پەدەکە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین، بنەماڵەی بارزانی کوردن و دەبێ بگەڕێنەوە بۆ کوردایەتی خۆیان، پێشتر بە بوونی ماڵی بارزانی بوونی خۆمان دەسەلماند، بەڵام بەداخەوە ئەم بوونی ئینکاری کرد و ڕێگەی دا داگیرکەر بە هێرشەکانی ئەم بوونە لەدەست بدات، ئێمە منداڵەکانمان کردە قوربانی کوردستان، پەدەکە خیانەت لە خوێنی منداڵەکانمان دەکات، بەداخەوە پەدەکە شەهیدان و ماڵ و شاخ و خاکی خۆی تەسلیمی داگیرکاری دەوڵەتی تورک دەکات، ئیدانەی بنەماڵەی بارزانی دەکەین کە کورد بوون و خیانەت لە کوردایەتی دەکەن، تا دڵۆپێک خوێن لە ڕۆحماندا بێت، دوای شەهیدەکانمان دەڕۆین و خیانەت لە خوێنیان ناکەین، دڵی دایک شکا چونکە خاکەکەی داگیر دەکرێت و گۆشەگیر دەکرێت، هەرگیز ئەو داگیرکارییە لە ناوماندا قبوڵ ناکەین.
"تۆڵەی پاکڕەوانمان لە داگیرکاری دەکەینەوە"
ئەسیە کوسا دایکی پاکڕەو ئاخین ولات کە دانیشتووی ئەرەزی شەهبایە، جەختی لەوە کردەوە پەدەکە بە هاوکاری کردنی دەوڵەتی تورک دەیەوێت یەکسانی نێوان گەلان تێکبدات و وتی: منداڵەکانم لە پێناو دۆزی کورددا بەخت کردووە، بۆ بونیادنانی کوردستان و پەشیمان نین، لە نێوان گەلدا یەکسانی و یەکڕیزیی دامەزراون، بۆیە پەدەکە بە هاوکاری کردنی دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو یەکسانییە و یەکڕیزی گەلان تێکبدات، هەرگیز جێگامان بۆ خەونی دوژمن و پەدەکە نادەین، تۆڵەی پاکڕەوان دەکەینەوە و ناهێڵین خوێنیان هەرزان بێت، بە یەکڕیزی گەل، کوردستانێکی ئازاد بونیاد دەنێین و هەموو گەلان تێیدا بە ئازادی دەژین.