لە سودان ٢٣ ملیۆن کەس دەستیان بە خۆراکی پێویست ناگات

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ٢٣ ملیۆن کەس لە سودان ناتوانن خۆراکی پێویستیان دەست بکەوێت و ٧٥٠ هەزار کەسیش ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ستیفان دوجاریک وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییدا، پێشهاتەکانی سودان خستە بەرنامەی کارەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی سودان لەبەردەم 'خراپترین سیناریۆ'دان.

 

ستیفان دوجاریک ئاماژەی بەوەشکرد، لە سودان تەنها لە ٪٣٠ ئەو دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلارەی ساڵانە بۆ پرۆگرامی هاوکاری مرۆیی دابینکراوە و ئەویش ڕایگەیاند کە ٢٣ ملیۆن کەس لەو وڵاتە ناتوانن دەستیان بە خۆراکی پێویست بگات، ستیفان دوجاریک سەبارەت بە گرنگی دۆخی ئێستا وتی: ئەگەر نموونەیەک وەربگرین، ئەم ژمارەیە بەراورد دەکرێت بە کۆی دانیشتوانی ئوسترالیا، باسی لەوەشکرد، ٧٥٠ هەزار کەس لە وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە وەرزی باران بارین دۆخەکە خراپتر دەبێت.

 

دیاری کراوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاتر دەبێت

سودان بەهۆی شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە ماوەی ١٥ مانگە بەردەوامە، ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی برسێتی و ئاوارەبوون بووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە لە وڵاتدا بە ١٦ هەزار کەس ڕاگەیەندرا، بەڵام مەزەندە دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاتر بێت.

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە کە شەڕ دەستیپێکردووە، ٧ ملیۆن و ٧٢٠ هەزار و ١١٩ کەس لە سودان ئاوارەبوون و ناچاربوون کۆچ بکەن، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'یونیسێف' لە بەیاننامەیەکی ئەم دواییەیدا ڕایگەیاند، سودان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی منداڵانی ئاوارەی تێدایە، هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە لە هەر ٥ کەس لە سودان یەک کەس لە دۆخێکی تونددا دەژین و ئاسایشی خۆراکیان نییە.