ژنانی ناڕازی لە ئەفغانستان بەردەوامن لە داواکارییەکانیان بۆ ناساندنی جیاکاریی ڕەگەزی

وەحیدە میرپور، ئەندامی تەڤگەری ناڕەزایەتی ژنان لە باکووری ئەفغانستان، پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی "ناساندنی جیاکاریی ڕەگەزی" ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، کاریان کرد بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە هەموو بوارەکانی کار بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن و کۆتایی بە ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا بهێنن.

 

لە ماوەی ٣٤ مانگی ڕابردوودا ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدات بووەتە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان و زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس واتە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەی،  ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە چوار ملیۆن کەس لەناویاندا ٣.٢ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵان بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

 

وەحیدە میرپور، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ناڕەزایەتی لە باکووری ئەفغانستان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی حوزەیران لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردەوە، پشتگیری خۆی بۆ ناساندنی"جیاکاریی ڕەگەزی" ڕاگەیاند و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە جیاکاریی ڕەگەزی لەو وڵاتەدا بە تاوان بزانن.

 

وەحیدە میرپور داوای لە هەموو چالاکوانانی مافی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خەڵکی ئەفغانستان کرد کە لەگەڵ ژنە خۆپیشاندەران لە ئەفغانستان بوەستن، وتی: بوەستن و پشتگیری لە هەڵمەتی جیهانی دژی جیاکاریی ڕەگەزی بکەن، کە ژنانی ئەفغانستان پێشەنگایەتی دەکەن، تا ئەو کاتەی کە ئاپارتایدی ڕەگەزی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان وەک تاوانێک دژی مرۆڤایەتی  دەناسرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتێکی جیهانی بەناونیشانی "بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریی ڕەگەز" بە پێشەنگایەتی ژنانی ئەفغانی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی ئەفغانستان بۆ داننان بە "جیاکاریی ڕەگەزی" لە ئەفغانستان دەستیپێکردووە.