بە بۆنەی ڕۆژی ژنان، فێستیڤاڵێکی هونەری بەڕێوەچوو

کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی نەورۆز بە بەشداری ئەندامانی کۆمەڵگەی کورد لە لوبنان، فێستیڤاڵێکی هونەری بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان ڕێکخست، بەو ئامانجەی زیاتر تیشکبخەنە سەر خەباتی ژنان لە بەرامبەر نادادپەروەری و سیستمی پیاوسالاریدا.

سوزان ئەبوسەعید

 

بەیروت- دوێنێ لە شارۆچکەی جەدید، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی نەورۆز لە لوبنان فێستیڤاڵێکی هونەری سازکرد، ئەندامانی پێکهاتەکانی کورد، فەڵەستینی و سوریاییەکانی لە لوبنان کۆکردەوە بەو هۆیەوە ئاهەنگیان گێڕا، هەروەها نمایشی هونەری نەریتی پێشکەشکرا و ژنانی بەشداربوو جل و بەرگی نەریتی کوردییان لەبەرکرد.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا، تیپی قورس زاروکا دیلان، تیپی داف برایان، تیپی شەهید ڕوگیندا دیلان و تیپی وەلاتی نمایشیان کرد، هەروەها وتەبێژی ژنانی سوری لە لوبنان و ئەندامی ژنۆلۆژی، محاسن مودلا، سوپاسی خەباتی هەموو ژنانی سوریای کرد، ئاماژەی بەوەکرد ژن لە هەر شوێنێک بێت دەتوانن خەباتی خۆیان بکەن بێ جیاوازی، وتی: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنان دەکەم لە هەرشوێنێک بن، ڕێزیان لێدەگرم وەک ڕێزێک بۆ خەباتیان، و بە تایبەتی باسی ژنانی کورد دەکەم، کە هێمای خەباتن.

 

 

جۆزفین قدیس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ژنانی لوبنان ڕایگەیاند، بەو دروشمەی کە ژنانی کورد بە دروشمی 'ژن-ژیان-ئازادی' دەستیان پێکردووە، واتای ئازادی و ژیانیان بە ژنان بەخشیوە، دەشڵێت: ژنان شۆڕشیان خوڵقاندووە، بە بڕوای منیش هەر ئەو شۆڕشەیە ئامانجی ژن بەدیدەهێنێت و دەبێتە هۆکارێک بۆ وەستاندنەوەی هێرش و توندوتیژییەکانی سەریان.

 

 

یادیکار محەمەد، ئەندامی کۆنگرە ستار، لە ڕۆژی جیهانی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، نەک تەنها ئاهەنگ گێڕان گرنگە لە ڕۆژی جیهانی ژنان بەڵکو دووپاتکردنەوەی خەباتیان گرنگە چونکە ژنان ژیانن، وتی: دەبێت هەموو ڕۆژێک جەژن بێت بۆ ئەوان و ئەگەر ئازادی ژن بەدەست نەهێندرێت، ئاشتی لە هیچ وڵاتێکدا بوونی نابێت، ئەگەر مافەکانیان بەدەست نەهێنن، وڵاتان ناتوانن گەشە بکەن.

 

باسی لەوەشکرد، ژنان بۆ جیهانیان سەلماندووە  هیچ هێزێک ناتوانێت بیانوەستێنێت، دەسەڵاتداران و فاشیستەکان هەرچەند هەوڵی وەستاندنیان بدەن سەرکەوتوو نابن، چونکە ژنانی ئازادیخواز وەک تۆوێک وان کە هەڵدەقوڵن و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان درێژدەکەنەوە تا دەگەنە هەموو ژنێکی جیهان.