کەناڵی ژن تیڤی ٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پیرۆز کرد
لە شاری سلێمانی، ٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ژن تیڤی بە بەشداری ئەندامانی کەناڵەکە و بەشێک لە چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی ژنان پیرۆز کرا.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ژن تیڤی بە بەشداری ئەندامانی کەناڵەکە و کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوانی ژنان و سیاسەتمەداران پیرۆز کرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ژن دەستی پێکرد، تەوار عادل، پێشکەشکاری ژن تیڤی، لەسەر ناوی کەناڵەکە وتی: بە ناوی کەناڵی ژن تیڤییەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووان دەکەین، ئەمرۆ ٧ەمین ساڵیادی ژن تیڤییە، کە هاوکاری ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانە، ژن تیڤی لە ماوەی دامەزراندنی توانیویەتی خزمەت بە ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان بکات و ڕەنگە جیاوازەکانی ژنان کۆبکاتەوە، لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی لە بواری تێکۆشانی ژن، ژینگە، پێکەوە ژیان، یەکسانی و ئازادی خەبات دەکات و لەسەر ڕێبازی ڤیان جاف، ساکینە جانسز، دەنیز فورات و شەهیدانی ژن بەردەوامی بە کاری خۆی دەدات،
دیجلە بۆزان، ئەندامی ژن تیڤی، پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ژنانی ئامادەبوو و هەموو ژنانی جیهان کرد و ئاماژەی بەوەدا، "ژن تیڤی بە خەباتی چەند ساڵەی خۆی لە پێناوی ژن، ژیان، ئازادی و بۆ خەباتی هاوبەشی ژنان تێکۆشان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا ژن تیڤی بەردەوام دەبێت لەسەر کار کردن، تا ببێتە دەنگی ژنان، لە گوندەکانەوە، تا شار و کوردستان و جیهان.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەخشرایە ژن تیڤی.