مانگرتنی بەرفراوان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی سێدارە بەڕێوەچوو

دوابەدوای بانگەوازی سەندیکا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری، ئەمڕۆ بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی لە سێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسی کورد داخران.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دوابەدوای بانگەوازی سەندیکا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتن لە شارە جیاوازەکان دژی لە سێدارەدانی وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی و موحسین مەزلوم، چوار زیندانیانی سیاسی کورد، بازاڕەکان داخران و مانگرتن ڕاگەیەندرا.

 

هەروەها هەندێک لە پەیجەکانی ئینستاگرامی کوردستان بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵک دژ بە لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی بەشداری مانگرتن دەبن و پۆست و بابەت بڵاو ناکەنەوە.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکەدا، ئینتەرنێت بە توندی پەکخراوە و هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان، دێگۆلان و چەندین شوێنی دیکە جێگیرکراون.

 

بەرەبەیانی دوێنێ، ٢٩ی کانوونی دووەم، هەریەک لە زیندانیانی سیاسی کورد وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی و موحسین مەزلوم، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگاوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" بە بێ ئامادەبوونی پارێزەر دادگایی کران و دادگای شۆڕشی تاران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندن، دوای ١٩ مانگ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیان، هەر دوێنێ لەسێدارەدران.