دەوڵەتی تورکیا لە گوندەکاندا ماڵی هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج

لە سێ ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ماڵ و گەوڕی گوندنشینان بۆردوومان دەکات و پەدەکەش داوا لە گوندنشینان دەکات گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان و بە دووری دەیان کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا داگیرکاری دەکات و گوندەکان بۆردوومان دەکات.

 

١٦ی کانوونی دووەم، فڕۆکەی جەنگیی دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی گوندەکانی سپیندار، مژێ و کەڤنە مژێی لە سنووری ئامێدی کرد و لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە کە ناوەندەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەی بۆردوومان کردووە، بەڵام بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەکەیەوە، لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون ماڵ و گەوڕی گوندنشینانە و دانیشتوانی ئەو گوندانەش تائێستا ناتوانن بچنەوە گوندەکانیان.

 

لەلایەکی دیکەوە کاربەدەستانی پەدەکە لە ناوچەکەدا ڕێگە نادەن گوندنشینان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.

 

لە ٢٥ی کانوونی دووەمیشدا لە گوندی سەرگەلێی ئامێدی کێڵگەیەکی پەلەوەری و لە گوندی کۆنە مژێش ناوەندێکی تەندروستی بە فرۆکەی دەوڵەتی تورکیا بۆردوومان کرا.

 

بە پێی زانیارییەکان کاربەدەستانی پەدەکە موختاری گوندەکانیان ئاگادار کردووەتەوە لە دەشتی نێوان ئامێدی و شێلادزێدا، خەڵکی گوندەکە ئامادەکاری بۆ ئەوە بکەن، کە لە ماوەیەکی نزیکدا گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

 

لە بەردەوامی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا، ٢٩ی کانوونی دووەم، لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە، خانووى هاوڵاتییەکى دانیشتووى گوندى گەڵاڵە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرا و بە تەواوى خاتوونەوەکە خاپور کرا، بەپێی زانیارییەکان ڕووداوەکە هیچ زیانێکى گیانى نەبووە، چونکە شەوى ڕابردوو خێزانەکە لە سلێمانى بوون .