خانەوادەی جیهان تەها: دەسەڵاتی هەولێر و بادینان تۆمەتبارە بە کوشتنی مامۆستا جیهان

خانەوادەی جیهان تەها، مامۆستای ناڕازی کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها، مامۆستای ناڕازی شاری هەولێر، کە بە ڕووداوی هاتوچۆ وو بە گوماناوی لە ڕێگەی بادینان گیانی لەدەستدا، بەیاننامەیەکیان لەبارەی ڕووداوەکە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "لەلایەن خەڵک و چالاکوانانەوە گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان بە کاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە".

 

دەقی بەیاننامەی خانەوادەی جیهان تەها؛

تەواوی خەڵکی کوردستان

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان

تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان

 

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لەبەرواری ٢٦/١٠/٢٠٢٣ هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان تەهای دانیشتووی هەولێر لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بە ڕووداوێکی هاتوچۆی گوماناوی، هاوکات لە فەیسبووکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.

 

هەر لە سەرەتاوە ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بە کاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕوداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان لە سنوری هەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبووە، بە جۆرێک کە ئازادی ڕادەربڕین، ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و حکومەت و بەرپرسان هەروەها چالاکی و خۆپیشاندان بۆ داواکردنی ماف بە هەموو شێوەیەک سنوردار و قەدەغەکراو بووە، بۆ نمونە ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، تیرۆرکردنی وەدات حسێن، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا هۆشیار ئیسماعیل، زیندانی کردنی شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و قارەمان شوکری و تەواوی زیندانیانی تری بادینان، لەم دواییانەش ڕێگریکردن لە چالاکی و خۆپیشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سنوری هەولێر، دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بە چەند هەفتەیەک دوای ڕوداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیهان، بەبیانووی ئەوەی بانگەوازی خۆپیشاندانی کردبوو

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپیشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە و هیچ ڕێگریەک لە خەڵک نەکراوە.

 

شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیهان تەها کە لە هەولێر دەژیا، لە ماوەی ڕابردوو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتووە کە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتووە، لە لەکەمتەرخەمی و بەداوانەچوونی داواکاریەکانی وانەبێژان.

 

لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لە سنوری هەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان وخەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیهان.

 

هەندێ لەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنن کە مامۆستا جیهان تیرۆر کراوە:

١/ جیهان شۆفێرێکی باش نیە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بە تایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بە هیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچووەتە دەرەوەی شار، کۆتا جار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بە تەکسی، چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، وە ئەو ڕێگایەی کە جیهان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوار و یەک سایدە، پێچانەوە و شاخ و داخێکی زۆری تێدایە، تەنانەت بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کە پێشتر شوێنی ڕووداوەکە ئامادە کرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.

 

بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەخت و دژوارە بگرێتەبەر، کە پێشووتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت و بۆی نەڕۆیشتبێت، لەکاتێکدا دەیتوانی هەر لە ماڵەکەی خۆی لە هەولێر ئەو کارە ئەنجام بداتم یان چەندەها ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.

 

٢/ جیهان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاسایی و بە ڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردووە، بۆ نموونە دەوامی خوێندنگا، وەرگرتنی مووچە، بازاڕیکردن، پەیوندی لەگەڵ کەسوکار و دۆست و هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتر بینین و ئەنجامدانی هەندێ کاری گرنگ و پێویست لە ڕۆژەکانی دواتر دا، هەر لەهەمان ڕۆژ کاتژمێر ٢:٠٦ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی هەبووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە، بەڵام لە کاتژمێر ٤:١٠ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نووساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە، بە جۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر هەڕەشە و فشار قسە دەکات.

 

٣/. بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچووکی مامۆستا جیهان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کە بە ئەندازەی چوار مەتر بەرز دەبێتەوە، هەروەک لە وێنە و ڤیدیۆیەکاندا دەردەکەوێت، وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت وپاشان سوتێنرابێت.

 

٤/ لە هەمووی سەیرتر شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلە و بارزان، ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لە لوتکەکانی حوکمڕانیدان تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەسوکاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن.

 

نەخۆشخانە و دادگا و بنکەی پۆلیس و تەواوی کەلوپەلەکانی مامۆستا جیهان کە پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە هەیە هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.

 

٥/ ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار هاتوونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێر دەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان هێناوە، وە دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان لەلایەن خۆیەوە بڵاو کرابێتەوە.

 

٦/ تەنانەت بە خاک سپاردنی تەرمی مامۆستا جیهان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بە بەرنامە و پلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە، دەشوترێت کە مامۆستا جیهان دەستێکی شکاوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.

 

٧/ بەرگری شارستانی سۆران(حریق) سەرەتا ڕایانگەیاند کە ئەم ڕووداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتوون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس کە ئەویش مامۆستا جیهانە، هاوکات دەیان پەیجی تریش هەمان هەواڵیان بڵاو کردەوە کە قوربانیانی ئەو ڕووداوە لە یەک کەس زیاترە.

 

٨/ بەو پێیەی مامۆستا جیهان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەهێزە و هیوابەخشە، خاوەن کۆمەڵێک هیوا و ئاواتی خۆی بووە، هەروەها هەمیشە هانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێهیوا نەبن و کۆڵ نەدەن لە ژیان، لە هەمان کاتدا خاوەنی دوو منداڵی جوانە بە ناوەکانی باران و بیر هات و کە گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە، لەبەر ئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لە کەسایەتی مامۆستا جیهان.

 

٩/ مامۆستا جیهان زانیویەتی کە هەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت، وە خۆشی بە پێی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەی و دڵی خۆش بووە بەم هەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆ ئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی ووتوە کە هەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە ڕۆژی ئاهەنگەکە دەپۆشین.

 

١٠/ کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات، گرنگی نەدان و بەدەمەوچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی ڕووداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.

 

ئێمە وەک خانەوادەی مامۆستا جیهان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان هەیە کە بەدواداچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیهان، کە لە شاری هەولێر لە کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.