ژنێکی کورد بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە زیاد کرا

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند کاندیدێکی دیکە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە زیاد کرا، کە ژنێکی کوردە و بەمەش کورسییەکانی ژنان بووە ٤ کوردی ئەنجومەنەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە بارەی زیادكردنی كاندیدێكی دیكە بۆ بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە نووسراوێكی فەرمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوای پێداچوونەوە و وردبوونەوە بە دەنگی كاندیدەكانی پارێزگای دیالە، لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگەدا، بڕیاردرا كاندیدێكی ژنی دیكە وەك كۆتا بۆ پارێزگاكە زیاد بكەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئەوە هاتووە کە، ئەو ژنەی سەركەوتووە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ناوی دەریا خەیروڵا ڕەشیدە و كوردە و لە سەر لیستی “ئەساسی عێراق”ی موحسن مەندەلاوی بوو، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، کە ١٥ كورسییە، ١١ كورسی بۆ پیاوە و چوار كورسییەكەی تری بۆ ژنانە.

 

ڕۆژانی ١٦ و ١٨ـی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ١٥ پارێزگای عێراق، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەچوو، كە بەپێی ئامارەكانی كۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداریكردن گەیشتە ٤١٪، کە دەکاتە شەش ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٦٦٨ دەنگدەر ڕوویان لە سندووقەكانی دەنگدان كردبێت.