یونیسێف بۆ منداڵانی غەززە هۆشداری بڵاودەکاتەوە

وتەبێژی ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف خستیەڕوو، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، زۆرترین منداڵ بوونەتە قوربانى و زیان بەر منداڵان کەوتووە، داواش دەکات دووبارە ئاگربەست ڕابگەیەندرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

جەیمس ئێڵدەر، وتەبێژی ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف خستیەڕوو، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، زۆرترین منداڵ بوونەتە قوربانى و زیان بەر منداڵان کەوتووە، ئەم ڕاگەیاندنەی وتەبێژی یونیسێف لە ئەنجامی سەردانێکیدا بۆ نەخۆشخانەیەکی کەرتی غەززە بوو، وتیشی: شتێکی باوەڕنەکراوە، کە ئەو کارەساتە مەترسیدارە دەبینین بەسەر منداڵانی کەرتی غەزەدا هاتووە، پێویستە ئەمە ڕابگیرێت.

 

ئەو وتەبێژەی یونیسێف ئەوەشی ڕاگەیاند، کە بەشی باکووری غەززە بە قورسترین شێوە بۆردوومان دەکرێت و ژمارەیەکی زۆر منداڵان زیانیان بەردەکەوێت و دەبنە قوربانی، بۆیە منداڵانی کەرتی غەززە پێویستیان بە ئاگربەستێکی مرۆیی بەپەلە هەیە، پێشتر هەفتەیەک ئاگربەست ڕاگەیەنراوە ئەوە زۆر باش بوو، پێویستە جارێکی تر ئاگربەست ڕابگەیەندرێتەوە، ناکرێت لەوە زیاتر منداڵان لە غەززە بەو ئازارەوە بژین و چاوەڕوانی مردنیان بکەن.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتى تەندروستی غەززە، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٥ هەزار و ٨٠٠ کەس بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە ٤٢ هەزار کەسیش برینداربوون.