سلێمانی، ژنان دژی توندوتیژییەکان ڕێپێوانیان کرد

لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و ئەو کوشتنە بەردەوامەی لە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، ڕژاک ڕێپێوانی ئەنجامدا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان وتەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێپێوانێکیان بەرەو باخی گشتی بە دروشمی "لە دژی ڕەشەکوژی ژنان بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، لە تێکۆشانەکان بەردەوام دەبین" ڕێکخست.

 

لە ڕێپێوانەکەدا ژنانی ئازادیخواز بە جلوبەرگی کوردی و لێدانی دەف بەشداریان کرد و دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "ئێمە ژنین ژیانین" و چەندین دروشمی دیکە وترایەوە.

 

لە بەردەم باخی گشتی، دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان، بەیاننامەی ڕژاک لەلایەن هاژە محەمەد، ئەندامی ڕژاک خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو:

 

"مردن ساردمان ناکاتەوە لە گەڕان بە دوای ڕاستی و گەیشتن بە ئازادی ژنان"

"ئەقڵی ناموسگەرایی و ڕەگەزگەرایی کۆتای پێنەیەت ناتواندرێت توندوتیژییەکانی سەر ژنان کۆتایی بێت، چونکە ژن وەک کاڵایەکی بە موڵک کراو دەستی بەسەردا گیراوە بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن چۆن و چی لێدەکەن، بۆ ئەوەی ژنبوونی خۆمان بدۆزینەوە و ببینە دەنگی ئازاد دەبێت وەک ژینا، ناگیهان و ڕیحان لەیلا قاسم و خوشکانی میراباڵ دەستدرێژی و ستەم قبوڵ نەکەین.

 

دەبێت ویست و مەیلی ئازادیمان هەبێت و هەوڵی بۆ بدەین، دەبێت ژنان لەو ئازادییە تێبگەن پاشان هەوڵ بدەن بۆی، دەبێت واتابوونی ژن بگەڕێنینەوە چونکە ژن داهێنەر و ئەفرێنەر بووە و چیتر نابێت ڕەنجی ژنان ون بکرێت، بەڵکو دەبێت هاوسەنگ بێت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر و چیتر سوکایەتی و بازرگانی پێوە نەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ژنان لە هەموو جومگەکانی ژیان هەوڵی هۆشیارکردنەوەی خۆیان و تاکەکانی کۆمەڵگە بدەن بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگە دەربارەی پرسەکانی ژنان هۆشیار بکەنەوە.

 

زیندانی داگیرکەران پڕن لە ژنانی تێکۆشەر، لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ژنانی چالاکوان و ڕۆژنامەوان دەستگیرکراون وەک پەخشان عەزیزی و زەینەب جەلالیان کە تا ئێستاش بەرخۆدانی دەکەن بۆ ئازادی، ئەقڵیەتی داگیرکاریش یەک ئەقڵیەتە بۆیە پێویستە هەوڵی بۆ بدەین و بزانین ئازادی خاک بە ئازادی ژنەوە گرێدراوە، تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە و ژیان ئازاد نابێت."

 

"سێبەری حزب ڕێگرە لە چالاکی ڕێکخراوەکانی ژنان"

شەهێن محەمەد، ئەندامی ڕژاک ئاماژەی بەوەکرد، تێکۆشانی ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکان لەم ڕۆژەدا سەریهەڵداوە و پێویستە تێکۆشانەکان بۆ هەموو ڕۆژێک بێت نەک تەنها ٢٥ی نۆڤەمبەر، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و وەستاندنەوە تەنها یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی گرنگە، لە باشووری کوردستان، پەرتەوازەبوون و بڵاوی بە سەرجەم حزب و ڕێکخراوەکانی ژنانەوە دیارە ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی یەکگرتوانە هەڵوێست نەنوێنن دژی کوشتن و توندوتیژییەکانی ژنان.

شەهێن محەمەد، بە پێویستی زانی دژی ئەو کۆمەڵکوژیەی لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر شەقام بونایە و بەشداری چالاکییەکەیان بکردایە، بەڵام ئەو سێبەرە حزبیەی لە باشوور هەیە ڕێگری لە ژنان دەکات تا بەشداری چالاکییەکان بن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ئەگەر چی چالاکییەکان وەک ساڵانی پێشوو گەورە نەبن بەڵام نابێت ژنان ساردببنەوە و بوەستن لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، داوا دەکەم ژنان بە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی داوای ئازادی و کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان بکەن.