لەسەر بێ ڕێزیکردن بە پەیامنێرێکی ژن زانکۆی سلێمانی لێپرسینەوە لە مامۆستاکە دەکات

دوای بێڕێزی و قسەی نەشیاو بەرامبەر ژنە ڕاگەیاندنکارێک، زانكۆى سلێمانى لێپرسینەوە‌ له ‌مامۆستایه‌كى خۆى ده‌كات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٥ی تشرینی دووەم لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی، مامۆستایەکی زانکۆکە قسەی نەشیاوی بەرامبەر ژنە ڕاگەیاندنکارێک کرد و بڵاوبوونەوەی ڤێدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارداوانەی جیاوازی لێکەوتەوە.

 

لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی بڵاویكردەوە، "وەك ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی كە كاری ڕاگەیاندن دەكەین و پسپۆڕی بوارەكەین، لەمڕوانگەیەوە ڕێزێكی تایبەت لە ڕاگەیاندنكاران و پیشەكەیان دەگرین و بەردەوام هەوڵمانداوە هاوكارێكی باش بین بۆیان وابكەین كە بەشێك لەكارو چالاكییەكانمان بەبێ جیاوازی لەدەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوبكرێنەوەو ببنە گەیەنەری دەنگمان".


ئاماژە بەوەشکراوە، وشە نەشیاوەكانی ئەو مامۆستایە بەرامبەر بە کچە ڕۆژنامەنووسێك بەكاریهێنا ڕەتدەكەینەوە و بە مامەڵەیەكی نەگونجاوی دەزانین و لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكایەتی زانكۆمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو مامۆستایە پێكهێناوە و سزای خۆی وەردەگرێت .


ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی باسی لەوەشكردووە، "وشەكانی ئەو مامۆستایە گوزارشت تەنها لە بۆچوونی خۆی دەكات نەك زانكۆی سلێمانی، كە پێدەچێت لە توڕەبووندا ئەو وتانەی وتبێت، بۆیە تەئكید دەكەینەوە كە ڕاگەیاندن بە یەكێك لە هەرە پایە گرنگەكانی دەوڵەتداری دەزانین و میدیاكاران و ڕۆژنامەنووسانیش كە هەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزەن، ڕێزیان لێدەگرین".

 

"پەیامنێران نەوەی ئەم كۆمەڵگەیەن... ڕێزیان بگرن"

هاوکات لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی، لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی؛

"ئەو ڕووداوەی كە رۆژی ٢٠٢٣/١١/٥ بەرامبەر بە خاتوو شەونم محمود پەیامنێری دەزگای مۆجۆ كورد كرا، هەموومانی سەرسام و نیگەران كرد..

 

كەسێك لە خۆپیشاندەران كە هەڵگری نازناوی مامۆستای زانكۆ بوو، هەندێك زاراوەی ناشایستەی بەرامبەر كچە پەیامنێرەکە وت، كە دووربوون لە ئەتەكێت و زمانی شارستانیی سەردەم.. ئێمە لە لقی سلێمانی ڕایدەگەیەنین كە لە مادەی حەوتەم بڕگەی پێنجەمی یاسای كاری ڕۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧دا هاتووە: "هەر كەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بەڕۆژنامەنووس بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەری، ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیی كردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە.." بۆیە ئێمە خاتوو شەونم سەرپشك دەكەین، گەر بیەوێت سكاڵای یاسایی لەسەرئەو مامۆستایە تۆمار بكات، ئێمە وەك لایەنی پەیوەندیدار و بەرگریكار لە ڕۆژنامەنووسان كەیسەكەی بۆ دەبەین بەڕێوە".