دادگای تێهەڵچوونەوە سزای زیندانیکردنی موژگان کاوسی پشتڕاستکردنەوە

دادگای تێهەڵچوونەوە سزای زیندانیکردنی موژگان کاوسی پەسەند کرد کرد و بە پێی سزاکە، "٦٢ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی"ی بەسەردا سەپێنراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

موژگان کاوسی، توێژەر و نووسەری کورد بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، پەسەندکردنی سزای زیندانییەکەی لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە ڕاگەیاند و نووسیویەتی: ئەو بڕیارە بنەڕەتییەی دادگای شۆڕش سەبارەت بە "ڕاپەڕینی ژینا" دەرچووە، لە لقی نۆی دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە پشتڕاستکرایەوە.

 

هەروەها موژگان کاوسی ڕایگەیاند، بە گشتی سزای "٦٢ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی"ی بەسەردا سەپێنراوە، کە ٣٩ مانگ بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ شەڕکردن و کوشتنی یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات، ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ لەسەر سوکایەتی کردن بە سەرۆک و ٨ مانگ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات دانراوە.

 

موژگان کاوسی خەڵکی شاری سەردەشت و زیندانییەکی سیاسی کوردە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا ئازاد کرا، دوابەدوای ئەوە لە سەروبەندی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا دەستبەسەر کرایەوە و دوای ٣٥ ڕۆژ لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان، بۆ زیندانی تەنگابن گوازرایەوە.