دەستپێشخەری نون داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەر ئۆجالان بشکێنن

دەستپێشخەری “نون بۆ ئازادی ئۆجالان” بە سەرکۆنەکردنی ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان داڕێژرا، داوای شکاندنی گۆشەگیری سەر زیندانی ئیمرالی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەریی “نون بۆ ئازادی ئۆجالان” ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانی سەرکۆنە کرد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، ڕۆڵی خۆیان لە شکاندنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی ماوەی ٣ ساڵە بەسەریدا سەپێنراوە، بگێڕن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، "ئەو پیلانەی کە زیاتر لە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، هیچ نییە جگە لە بەرهەمی ترسی زلهێزە سەرمایەدارەکان لە پرۆژەی لیبڕاڵی پێشنیارکراوی ڕێبەر ئۆجالان، زۆرێک لە دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان لەو پیلانگێڕییەدا کردووە، بە سەرۆکایەتی تورکیا، ئیسرائیل، ئەمریکا و ڕووسیا، کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە جێبەجێکردنی پیلانەکە تا ڕفاندنی لە نایرۆبی، کە دواتر بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە زیندانەکانی تورکیا دانرا و سەرەتاییترین مافەکانی لێ زەوت کرا".

 

جەختیشی کردەوە، ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرانەی کە ئەمڕۆ خەڵکی هەموو پێکهاتەکان دەیگێڕن بۆ داوای ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجالان و پێدانی مافە ڕەواکانی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە و پێشێلکارییەکانی دژی ڕێبەر ئۆجالان دەکرێت، بەڵام هێشتا بیرۆکەکەی لە ناودا کۆمەڵگە ڕۆژ بە ڕۆژ بڵاو دەبێتەوە و ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقا و چەندانی دیکە، لەسەر بنەمای پرسی ژنانی ئازاد، کە ڕیبەر ئۆجالان پەرەی پێدا، خەبات لەپێناو گەشتن بە ئازادی دەکەن و بووە هیوا بۆ هەموو ژنان.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "ئێمە ئەو ڕۆڵە گەورەیەی ژنان لە خەباتدا بینیویەتی بە نرخ دەزانین و داوایان لێدەکەین کە ڕێڕەوی تێکۆشانیان بەرزبکەنەوە تا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانەکانی فاشیست ڕزگاری دەبێت، هەروەها بەرپرسیارێتی تەواومان لە ئەستۆدایە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە لەپێشینەیی کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجە و ئەنجومەنی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کە بێدەنگن و ئێمە ئەم بێدەنگییە بە هاوبەشی لەو پێشێلکاری و ئەشکەنجەدانانەی کە دژی ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالیدا لە شێوەی ئەشکەنجە و گۆشەگیری نایاسایی پراکتیزە دەکرێن، دەزانین، داواش دەکەین بەپەلە دۆخی تەندروستی ڕێبەر ئۆجالان ئاشکرا بکرێت.