سلێمانی، بکوژی نەجیبەی دووگیان سزای سێدارەی بۆ دەرچوو

دوای سێ ساڵ لە کوشتنی نەجیبە عەبدول کەریمی ٣٥ ساڵ، ئەمڕۆ دادگای سلێمانی بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژ "ه. ل." دەرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای سێ ساڵ لە کوشتنی نەجیبە عەبدول کەریمی ٣٥ ساڵ، لەلایەن ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە بە ناوی "ه. ل."ی ٤٠ ساڵ، ئەمڕۆ دادگای سلێمانی بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.

 

شۆخان ئەحمەد، پارێزەر، کە پارێزەریی دۆسیەی نەجیبەی کردووە، دوای بڕیاری دادگا ڕایگەیاند، "بە خۆشحاڵیەوە دوای ٣ ساڵ کارکردن لەسەر دۆسیەی کوشتنی ژنێکی دووگیان لەلایەن مێردەکەیەوە، ئەمڕۆ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بە پێی ماددەی ٤٠٦/١ لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ تاوانبار دەرکرد".

 

ڕووداوەکە چۆن بوو؟

بەر لە سێ ساڵ، نەجیبە عەبدول کەریمی ٣٥ ساڵ، کە دوو گیان بوو بە منداڵی پێنجەمی، دانیشتووی شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە، بەهۆی کێشەی نێوان خۆی و ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، نەجیبە داوای جیابوونەوە دەکات بەڵام پیاوەکە ڕازی نابێت، بۆیە شەوێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی نەجیبە لە سلێمانی و بە فیشەک دەیکوژێت.

 

نەجیبە کە دووگیان بوو بە منداڵی پێنجەمی، دوای ئەوەی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بە نەشتەرگەری منداڵەکەی ڕزگار دەکرێت، بەڵام خۆی گیان لەدەستدەدات و دوای ٣ ساڵ دادگا بڕیاری سێدارە بۆ بکوژ دەردەکات.