ناسنامەی بەشێک لە قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پشتڕاست کرایەوە

دوای تێپەڕبوونی ٩ مانگ بەسەر دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ناسنامەی چەند کوژراوێک لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٥ی حوزەیران، کەناڵی تێلێگرامی "١٥٠٠ وێنە" دوای تێپەڕبوونی ٩ مانگ بەسەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پشتڕاست کردنەوەی ناسنامەی ٤ کوژراوی ڕاگەیاند، کە ٣ کەسیان ژن بوون، ئەمە لە کاتێکدا کوشتنی ئەو قوربانیانە لەلایەن حکومەتەوە تا ئێستا بە نهێنی مابووەوە، بەهۆی هەڕەشە و تۆقاندنی بنەماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

 

ناسنامەی ٤ قوربانییەکە بەم شێوەیەیە

ئاریانا سەیف، ٢٢ ساڵ، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری تاران بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا، لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە: "بە ناوی خودای کەوانە".

 

کیانا ئەتش‌زر، ١٥ ساڵ، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دوای ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا قوتابخانە بەجێدەهێڵێت، بەشداری ناڕەزایەتییەکانی شاری حەوت حەوزی تاران دەبێت، هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامی هێرشیان کردە سەری و بە باتوم کوشتیان، تەرمی بێ گیانەکەی کیانا دوای دوو ڕۆژ دۆزرایەوە و بە هەڕەشەکردن لە خێزانەکەی، ناچار بوون بڵێن هۆکاری مردنی کیانا کەوتنە ناو بیرە.

 

فاتمە فەتحوڵاپوور، لەدایکبووی ١٩٨٩یە و دایکی منداڵێکی تەمەن دە ساڵانە، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا لەگەڵ هاوژینەکەی بەشداری ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج بوون، هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامی بە باتووم هێرشیان کردە سەری فاتمە و گیانی لەدەستدا، دواتر هاوژینەکەیان دەستبەسەر کرد و هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کرا کە ئەگەر بێدەنگ نەبن، هاوژینی فاتمەش بە هەمان شێوە دەکوژن.

 

محەمەد نوری، تاقانەی بنەماڵەکەی، لە ئەیولی ٢٠٢٢دا لە  ١٤٠١ لە گۆرستانی سەر شەقامی سەرەکی پاوە، بەهۆی فیشەکی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمەوە کە بەر سەر و جەستەی کەوتبوو، گیانی لەدەستدا، دوای ئەوە بنەماڵەکەی ناچار بوون بڵێن کە بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەستداوە.

 

پێویستە بگوترێ کە ئەمڕۆ کەناڵی ئاماژەپێکراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پۆستێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "هەرچەندە دڵنیاین لە ناسنامەیان، بەڵام ناچار بووین ئەو پۆستانەی پەیوەستن بە کوشتنی کیانا ئەتش‌زر و فاتمە فەتحوڵاپوور بسڕینەوە".