ڕیهام حەجۆ: پێویستە ئێمەش لە دادگایکردنی داعشدا ئامادە بین

ڕیهام حەجۆ، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی بزووتنەوەی ژنانی ئێزدی "تاژێ" پشتیوانی ژنانی ئێزدی بۆ بڕیارەکەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ دادگاییکردنی داعش دەربڕی.

نوژین ئێزدی

 

شەنگال- بڕیاری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش لە شەنگال لە ڕۆژەڤ دایە، کۆمەڵگەی ئێزدی لە فەرمانی ٧٤ی مانگی ئابی ٢٠١٤، بەدەستی چەتەکانی داعش و هاوپەیمانەکانیانی هەزاران کەسی لەدەستدا و هێشتا چاوەڕێی دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی فەرمانەکەیە.

 

لەسەر ئەو بابەتە ڕیهام حەجۆ، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی بزووتنەوەی ژنانی ئێزدی "تاژێ" هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: ئێمە وەک ژنانی ئێزدی پشتیوانی لەو بڕیارە دەکەین و دەبێت خۆمان لەو دادگایانەدا ئامادە بین.

 

"هێشتا مەترسی هەیە"

لە سەرەتای قسەکانیدا ڕیهام حەجۆ باسی لە هەڕەشەکانی ئەمڕۆی چەتەکانی داعش کرد و وتی: چەتەکانی داعش بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە بوونەتە بەڵا بۆ جیهان، هەموو ئەو هێرشانەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدراون سزا نەدراون چونکە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی بوون و هێزە هەژموونییەکانی جیهان پشتیوانی لە هەموو ئەوانە دەکەن کە دەزانن یەکێکیان دەوڵەتی تورکیایە، هەروەها پلانی داگیرکردنی کوردستان بە مەبەستی لەناوبردنی کەمینەکانە، وەک کۆمەڵگەیەکی ئێزدی لەسەر ئەم خاکە، ئێمە قوربانی ئەو هێرشانە بووین، برینەکانمان بۆ ئەو فەرمانەی کە چەتەکانی داعش و هاوپەیمانەکانیان بۆ ئێمەیان هێناوە هێشتا چاکنەبوونەتەوە، ئەوە ڕاستە کە دەسەڵاتەکەیان شکاوە، ئەو ناوچانەی لە دەستیاندایە ئازادکراون، بەڵام هێشتا شانەی نووستوویان هەیە لە عێراق لە وڵاتانی بیانی لە باشووری کوردستان و بۆ نموونە لە کامپی هۆڵ، هەموو ئەمانە هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان، ئەم هەڕەشەیە نەک تەنها لەسەر هەموو جیهانە بەڵکو لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، شەنگال و عێراق و خودی کوردستانیشە.

 

"پێویستە هێزە جیهانییەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن"

ڕیهام حەجۆ، تیشکی خستەسەر ئەرک و بەرپرسیاریەتی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دادگاییکردنی چەتەکانی داعشدا، وتی: وەک کۆمەڵگەی ئێزدی، ئێمە دەڵێین دەبێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی داعش کە لە کامپی هۆلن. ئێمە دەزانین کە زیاتر لە ٦٠ وڵات هاوڵاتی داعشیان هەیە و دەبێت هەموو جیهان دەستی خۆی بخاتە ژێر بەرد، پێویستە داعش بکەنە هاوڵاتی خۆیان و منداڵە تاوانبارەکانیان پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی ئەم هۆشیارییە بگۆڕێت، چونکە ئەگەر لە دەسەڵات دەربچن، ئەوا لە هەموو شوێنێک هێرشی توندوتیژی دەکەن، بەتایبەتی بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان، چونکە ئێمە وەک بێباوەڕ دەبینن و دژی ئێمەن.

 

"پشتیوانی لەو بڕیارە دەکەین"

ڕیهام حەجۆ ئاماژەی بە بڕیارەکەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دادگاییکردنی داعش کردو وتی: خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشتر داوای لە وڵاتانی جیهان کردبوو کە ئەو چەتە داعشانە لەلایەن دادگایەکی نێودەوڵەتییەوە دادگایی بکەن و جیهان لەم هەڕەشەیە ڕزگار بکەن، بەڵام وڵاتان بێدەنگ مانەوە، هەندێکیان ژمارەیەک منداڵ و چەتەکانی داعشیان بردەوە، بەڵام ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بۆیه ئه مڕۆ خودی خۆبەڕێوەبەری خۆی بڕیار لەسەر دادگایی کردنی ئەو چەتانە دەدات، ئەمە بڕیارێکی ڕاست و دروستەو ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی لەگەڵ ئەم بڕیارەداین و دەبێت لەو دادگایانەدا ئامادە بین.

 

"تورکیا قیبلەی داعشە"

ڕیهام حەجۆ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕیاریدا چەتەکان لەبەرچاوی جیهاندا دادگایی بکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ڕزگارکردنی چەتەکانی داعشە، لەبەر ئەو هۆکارە، هەموو ناوچەکانی وەک سەرێکانی، گرێ سپی و عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراون خێزانەکانی داعشی تێدا نیشتەجێکراون، ژنانی ئێزدی کە لە دەست چەتەکانی داعش ڕزگارکران وتیان ئەو پیاوانەی هاوسەرگیریمان لەگەڵ کردووە پێیان وتین کە دەچینە تورکیا، ئەمە بەو مانایە دێت کە چەتەکانی داعش تورکیا وەک قیبلە دەبینن چونکە ئەردۆغان باوکیانە و بە هەموو شێوەیەک دەیانپارێزێت، دەوڵەتی تورکیا نایەوێت چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن، چونکە ئەگەر دادگایی بکرێن، دەوڵەتی تورکیاش دادگایی دەکرێت.

 

"بۆ ڕزگارکردنی جیهان لەم هەڕەشەیە پێویستە ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕیهام حەجۆ، وتەبێژی کۆردیناسیۆنی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی وتی: وەک بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی ئێمە لەگەڵ ئەم بڕیارەداین چونکە زۆرترین ئازارمان بەدەستی چەتەکانی داعش و هاوپەیمانەکانیان چەشتووە، بۆیە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە، ئێمە نامانەوێت ئەوانەی فەرمانەکانیان لەسەر کۆمەڵگەکەمان جێبەجێکرد بەبێ سزا بمێننەوە و خەڵکەکەمان و هەموو جیهان لەگەڵ ئەم ترسەدا بژین، پێویستە هەموو کەسێک ڕۆڵی هەبێت لە دادگاییکردنی ئەو چەتانەدا.