"ئامارەکان لە بەرزبوونەوە دایە و پێویستە پلانی چارەسەری هەبێت"
ئاماری کێشە خێزانییەکان و جیابوونەوەی هاوسەران خرایەڕوو، پارێزەرێکیش دەڵێت: دەبێت حکومەت و هەمووان پێکەوە پلانی چارەسەرکردنی بخەینە ڕوو.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە هۆڵی ئوتێل مەستوورە لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی هاریکایی یاسای ژنان ڕاپۆرتێکی دەربارەی جێبەجێکردنی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئامارەکانی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، شۆخان ئەحمەد پارێزەر، ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان، کێشە خێزانییەکان، جیابوونەوەی هاوژینانی خستەڕوو، وەک خۆی ئاماژەی پێدا، ئامارەکان فەرمین و لە لایەن و دەزگا فەرمییەکانەوە وەرگیراون، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری هەولێر ٤ هەزار و ٦٧ حاڵەت، لە دهۆک ٤ هەزار و ٣٤٨ حاڵەت، لە سلێمانی ٥ هەزار و ٤١١، لە گەرمیان ١٠ هەزار ٨٢ حاڵەت، لە ڕاپەڕین ٦٢٤ حاڵەت، لە سۆران ٣٦٥حاڵەت، لە هەڵەبجە ٧٤ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراون، کە کۆی گشتی دەکاتە ١٥ هەزار و ٨٩٧ حاڵەتی توندوتیژی.
شۆخان ئەحمەد دەربارەی بەرزی ئامارەکان وتی: ئەم ئامارانە بەڕاستی بەرزن و پێویستە حکومەت و هەمووان پێکەوە پلانی چارەسەرکردنی بخەنەڕوو.
هێڵی گەرمی ١١٩، هێڵێکی تایبەتە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ڕۆژانە لە ڕێگەی تەلەفونە کێشەکان لەلایەن ژنانەوە دەگەیەنرێتە سەنتەرەکە، ئاماری پەیوەندییەکانی بەمشێوەیەیە؛
هەولێر ٣ هەزار و ٦٢٩ کەس، لە دهۆک ٢ هەزار و ٦٠١ کەس، لە سلێمانی ٤ هەزار و ٧٥ کەس و بە کۆی گشتی ١٠ هەزار و ٣٧٥ کەس پەیوەندی کردووە.
ئامارەکانی خراونەتە ڕوو بەمشێوەیە بوون؛
هەر لە کۆنگرەکەدا ئاماری دادگای سلێمانی خرایەڕوو، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا چوار هەزار و ١٠٨ حاڵەتی کێشەی خێزانی هەبووە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەکە بووەتە ٧ هەزار و ٣٧٨ حاڵەت بووە، کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
بە پێی ئامارەکانی دادگای کەتنی توندوتیژی خێزانی، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٥٤٥ حاڵەت بۆ یەکلابوونەوە گەشتووەتە دادگاییەکە و لە ساڵی ٢٠٢٢شدا ٥٦٥ حاڵەت بووە، کە ئەمەش بەرز بوونەوەی پێوە دیارە.
بەپێی ئاماری سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی، لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٠ هەزار و ٨٠٠ کەس لە کچ و کوڕ پێش پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ ڕاوێژی خێزانی سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢شدا ١١ هەزار و ٣١٨ کەس سەردانی کردووە.
ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە؛
لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤ هەزار و ٧٦٧ حاڵەتی جیابوونەوە و ٢٠ هەزار حاتی هاوسەرگیری و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەرز بووەتەوە بۆ ٥ هەزار و ٥٣٣ حاڵەتی جیابوونەوە و ٢١ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمار کراو.
شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، باسی لەوەکرد، وەک ڕێکخراوەکەیان ساڵی ٢٠٢٢دا ١٢٥ کەیسی جیابوونەوە و کێشەی خێزانییان هەبووە، چەندین کەیسی بەرەو ئاشتەوایی چووە و بەردەوامن لە چالاکییەکانیان.