١١٦٠ خێزانی هەڵەبجەیی ئەنفالکراویان هەیە

تەمەنم چوار ساڵ بوو کاتێک بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتم، تا ئێستاش کاریگەری دەروونیم لەسەر ماوە.

هەڵەبجە

 

دوێنێ، ١٤ی نیسان ساڵرۆژی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال بوو، لە باشووری کوردستان بە مەراسیم یادی شەهیدانی ئەو شاڵاوە دەکرێتەوە، کەسوکاری شەهیدان و ئەو کەسانەی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون لە شاری هەڵەبجە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدانی ئەنفال، ئەو یادەیان بەرز ڕاگرت.

 

ڕۆژی ١٤ی نسانی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس دەستیکرد بە شاڵاوی ئەنفال و پاکتاوکردنی کوردان، بە تایبەتی لە ناوچەی گەرمیان، ٤ هەزار گوندی وێرانکرد و زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەسیشی شەهید و بێسەروشوێن کرد، ئەم تاوانە تەنها گەرمیان نەبوو، بەڵکو لە ساڵی ١٩٨٨ هەڵەبجەش بەر شاڵاوەکە کەوت.

 

تەمەنم ٤ ساڵ بوو بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتم

ئاوارە نەورۆز، کە ئێستا تەمەن ٣٩ ساڵە، دەگێڕێتەوە کە لەو کاتەدا تەمەنی ٤ ساڵ بووە بەس شاڵاوی ئەنفال کەوتووە، دەڵێت: لەو کاتەدا منداڵ بووم، بەڵام بیرمە بەرەو نوگرەسەلمانیان بردین، من ئەو ڕۆژانەم هەرگیز لە بەرچاو لاناچێت، سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی سەرجەم کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم، داواکارم حکومەتی عێراق و هەرێم قەرەبوومان بکەنەوە، چونکە تائێستا نەتوانراوە قەرەبوومان بکەنەوە، تەنها باجێکیان بۆ کردووین بۆ قەرەبوو کە ئەوەش کاری پێناکرێت.

 

چرۆ حەمە شەریف، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە مەڕاسیمەکەدا ئامادەبوو، وێڕای  سەرەخۆشی خۆی لە کەسوکاری قوربانیان و ئەنفالکراوان باسی لەوە کرد، ئەوەی حکومەتی عێراقی پیشوو بە چەند قۆناغێک هەوڵی لەناوبردنی بردین بە هەموو تەمەنەکانەوە، لە هیچ یاسایەکدا ڕێگە پێدراو نییە، بەڵام کورد بەردەوام لە هەستانەوە دایە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک ئەندام پەرلەمان داوای قەرەبوومان بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان کردووە و بەردەوامیشین لە بەئەنجام گەیاندنی داواکارییەکەمان.

 

ئەنفالی هەڵەبجە لە پاش کیمیابارانی هەڵەبجە بوو، کە بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە ١١٦٠ خێزان ئەنفالکراویان هەیە و لە کەرکوک و نوگرەسەلمان بێ سەروشوێن بوون و ژمارەیەکی کەمیان توانیویانە لە دەست ڕژێمی بەعس ڕزگاریان ببێت.