ژنانی دیواندەرە پێداگری لەسەر مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و خاوەندارێتی لە جەستەیان دەکەن

ژنانی دیواندەرە چاوەڕێ نین ڕۆژێک بێت مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و خاوەندارێتی لەشی خۆیان پێبدرێت، بەڵکو ئەمڕۆ بە تێکۆشانیان خۆیان مافەکە بەدەست دەهێنن.

دیواندەرە

 

ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان نیشانیان داوە کە بۆ ئەوان شۆڕش شتێک نییە کە بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی دروست بێت، بەڵکو گۆڕینی سیستەمی سیاسی تەنیا بەشێکە لە پرۆسەی شۆڕش، ئەوان زۆر باش لەوە تێگەیشتوون کە شۆڕشێکی ڕاستەقینە دەبێت لە ژیانی ڕۆژانە و کەسی و خێزانی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا دەربکەوێت، هەر بەو هۆیەشەوە لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە دیواندەرەشەوە ڕۆژانە لەو شارەدا دەبینرێت کە ژنان ڕۆژانە شۆڕش نمایش دەکەن، بە ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری و بەرجەستەکردنی مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و خاوەندارێتی بەسەر جەستەیاندا، چاوەڕێی سبەینێ ناکەن کە سیستەمی یاسایی یان سیاسی بگۆڕێت، بەڵکو ئەمڕۆ شۆڕش دەکەنە ژیان.

 

ژنانی دیواندەرە هەرچەند لە شارۆچکەیەکی بچووکدا دەژین، بەڵام پەیڕەوی لە ئایدیا و ئامانجە گەورەکانی شۆڕش دەکەن، دیواندەرە یەکەم شار بوو کە لە دوای دەسپێکی شۆڕش لە گۆڕستانی ئایچی سەقز دژی ستەم و چەوساندنەوەی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕی، یەکەم شارە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕاپەڕیندا چەندین بریندار و خوێنی پێشکەش بە شۆڕش کرد.

 

لە دوای پێنج مانگ خەڵکی گیانفیدا و ڕێگاکانی تێکۆشانیان لەبیر نەکردووە و تا ئێستا لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ژنان دەبینرێت کە حیجابی ناچاری لەسەر ناکەن و خاوەندارێتی لە جەستەیان دەکەن.