شەنگال، بە بەڵگە فیلمی هێزا دەستپێکردنی چالاکییەکانی ٨ی ئادار ڕاگەیەندرا

لە شەنگال چالاکییەکانی ئەمساڵ بۆ ٨ی ئادار بە بەڵگە فیلمی "هێزا" دەستیپێکرد و ژنان ئاماژەیان بەوەکرد کە بە بەرخۆدانەوە پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان دەکەن.

شەنگال

 

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، یەکەمین چالاکی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە ئەنجومەنی گەلی خانەسور بە پێشکەشکردنی فیلمی "هێزا" دەستیپێکرد.

 

بەڵگە فیلمی هێزا، چیرۆکی ئەزموونی فەرماندەی یەژەشە دەگێڕێتەوە کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کەوتە دەستی چەتەکانی داعش و پاشان ڕزگار کرا، هێزا پاش ئازادبوون گەڕایەوە شوێنی خۆی و لە دژی چەتەکانی داعش چەکی هەڵگرت بۆ ئەوەی تۆڵەی هەموو ژنانی ئێزدی بکاتەوە.

 

جاکلین حسێن، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ ڕایگەیاند، کە ئەوان بۆ ٨ی ئادار بەڵگە فیلمی هێزایان وەک یەکێک لە کارە سەرەکیەکان پێشکەشکردووە، کە لە سەرتاسەری گوند و شار و شارۆچکەکانی شەنگال نمایش دەکرێت.

 

هەموو ژنێک خاوەن چیرۆکێکی سەرهەڵدانە

جاکلین حسێن، ئەندامی تاژێ دەربارەی هەستەکانی سەبارەت بە بەڵگە فیلمەکە وتی: ئێمە زۆر سەرسام بووین بە بەڵگە فیلمی هێزا، دەبێت وەک بەڵگە فیلمی چیرۆکی فەرماندە هێزا ببینرێت، لە ڕاستیدا هەر ژنێک کەوتبێتە دەست چەتەکانی داعشەوە چیرۆکێکی وەها ئازاربەخشی هەیە بۆ مێژوو بنووسرێت، بۆ ئەوەی ئازارەکانی ژنانی ئێزدی لەبیر نەکرێت، تێکۆشان و بەرخۆدانیان زیاتر بکرێت.

 

"پەدەکە دەیەوێت شوێنەواری فەرمانەکە لەناوببات"

جاکلین حسێن، لە بەردەوامیی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، دەبوو هەموو ئەو ژنانەی لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکراون، خۆیان وەک هێزێکی تووڕەیی و ڕق لە دوژمن ڕێکبخەن، باسی لە سیاسەتەکانی پەدەکە لەسەر ژنانی ئێزدی کرد و وتی: پەدەکە بە تایبەتی دەیەوێت کاتێک ژنانی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار دەبن، پەلکێش بکات بۆ کامپەکانی باشوری کوردستان و لەوێوە بیانباتە دەرەوەی وڵات، ئایا ئەمە لەبەرچییە؟، پێویستە ئەوەش بزانین کە پەدەکە هەوڵدەدات بەڵگەی ئەو فەرمانە لەناوببات، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەو ژنانەی کە ڕزگارکراون، بەڵام ئەگەر ژنان خۆیان ڕێکبخەن، ئەوا دەتوانن وەک فەرماندە هێزا تۆڵەی خۆیان بکەنەوە و بۆ بنیادنانی ژیانێکی ئازاد تێبکۆشن.

 

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە گوندەکانی دیکەی شەنگالیش بەڵگە فیلمی هێزا نمایش دەکرێت.