خانەقین، خەڵات بەخشرایە ژنانی ئاوارەی بەتوانا

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، لە خانەقین ئاهەنگێک بۆ ژنانی ئاوارەی پێنج پارێزگای عێراق ڕێکخرا و خەڵاتی ڕێزلێنان بە ژمارەیەک ژنی بەتوانا بەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاویكردەوە، هەڵمەتێكیان دەستپێكردوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، كە بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەو چوارچێوەدا ئەمڕۆ نوسینگەی خانەقینی ژنان ئاهەنگێک بۆ ژنانى ئاوارەى پێنج پارێزگاى عێراق لە خانەقین سازکرا.

 

لە ئاهەنگەکەدا چەندین وتار سەبارەت بە بەهێزکردنی ژنان و ڕوونکردنەوە لەسەر پلانی نیشتمانی ژمارە ١٣٢٥ی ژنان و ئاسایش و ئاشتی درا، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئەو ژنانەى ئاوارەى خانەقین بوون خەڵکى هەریەکە لە شارەکانى كەربەلا، بابل، دیوانیە، میسان و دیالەن، کە بەهۆی شەر و ململانێکانەوە ئاوارەی ناوچەکە بوون.

 

لە درێژەی ئاهەنگەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بە ژمارەیەك ژنی بەتوانا بەخشرا، كە ڕۆڵ و كاریگەری ئەرێنییان هەبووە لە كۆمەڵگەدا.