"توركیا له‌ ڕۆژئاڤا چه‌كی فسفۆر و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش چه‌كی كیمیایی به‌كارهێناوه‌"

نیاز عەبدوڵا باس لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و ئاماژەی بەوەدا، "ناسیۆنالیزمی توركی گرێیه‌كی مێژوویی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كورد و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كانی".

ناوەندی هەواڵ

 

دەقی وتارێکی ڕۆژنامەنووس، نیاز عەبدوڵا لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی ئەردۆگان لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکەی ئاماژە بە ناسیۆنالیستی تورک بەرامبەر کورد بزوتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی دەکات و دەڵێت: ڕۆژئاڤا ڕە‌مزە بۆ وەدەرنان و پاشەكشەپێكردنی تیرۆری تیرۆرستانی داعش و، تیرۆریستانی ئه‌ردۆگان.

 

دەقی وتارەکەی نیاز عەبدوڵا؛

"ڕۆژئاڤا ره‌مزە بۆ وەدەرنان و پاشەكشەپێكردنی تیرۆری تیرۆرستانی داعش و، تیرۆریستانی ئه‌ردۆگان. له‌ هه‌ر كۆڵانێكی ڕۆژئاڤا ناوی چه‌ندین شه‌هیدی شه‌ڕڤانی ژن و پیاو نووسراوە، كه‌ له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی ڕۆژئاڤادا گیانیان به‌ختكردووه‌.

 

ئه‌و كاته‌ی شه‌ڕڤانان له‌ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌دابوون له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعش و لەژێر ئابلوقەدابوون، داعش له‌نێو توركیاوه‌ خه‌نده‌قیان بۆ نێو كۆبانێ دروستده‌كرد و كۆمه‌كیان پێده‌گه‌یشت.

 

ناسیۆنالیزمی توركی گرێیه‌كی مێژوویی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كورد و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كانی، بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌دوای بیانووه‌یه‌كدا گه‌ڕاوه‌ بتوانێت به‌هۆیه‌وه‌ دریژه‌ به‌ جینۆساید و داگیركاری و تاوانه‌كانی جه‌نگ بدات، ئاڕاسته‌كردنی تۆمه‌تی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی ته‌قسیم-یش به‌ تۆمه‌تباركردنی هێزه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژئاڤا به‌شێكه‌ له‌ درێژه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌، هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژئاڤا جگه‌ له‌ دژایه‌تی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ هه‌موو تۆمه‌ته‌كانی توركیای ره‌تكردۆته‌وه‌، پارتی كرێكارانیش تۆمه‌تباركردنی به‌و تاوانه‌ ره‌تكردۆته‌وه‌.

 

توركیا له‌ ئێستادا هه‌موو میدیاكانی بۆ دروستكردن و هاندانی ڕای گشتی دژ به‌ ڕۆژئاڤا خستۆته‌كار؛ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات بێده‌نگی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی مسۆگه‌ربكات و ڕه‌وایه‌تی به‌ هێرشی داگیركاری داهاتووی بدات بۆسه‌ر ڕۆژئاڤا، له‌ كاتێكدا توركیا له‌ ڕۆژئاڤا چه‌كی فسفۆر و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێناوه‌.

 

توركیا پێگه‌كه‌ی له‌ ناتۆ به‌كارهێناوه‌ تاوه‌كو كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی چاوپۆشی له‌ تێوه‌گلانی بكه‌ن له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعش و میلیشیا تیرۆریستییه‌كانی دیكه لە سوریا‌، له‌ دوای رزگاركردنی ره‌قه‌ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ڕۆژئاڤا ته‌واوی ئه‌و به‌ڵگانه‌ ئاشكرابوون كه‌ په‌یوه‌ندی توركیا به‌ داعشه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، وەك ئەوەی توركه‌كانی توركمانستانی به‌ سه‌رباز ده‌كرد له‌ ڕیزه‌كانی داعش و سنووره‌كانی خۆی بۆ واڵاكردبوون تا له‌ سوریا دژ به‌ هێزه‌كانی ڕۆژئاڤا بجه‌نگن، كاتێك كە عەفرینیشی داگیركرد بە هاوكاری میلیشیا تیرۆریستەكان، هەمان ئەو جینۆسایدەی ئێزیدییەكان لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی بوونەوە خەڵكی عەفرینیش بەهەمان بارودۆخدا تێپەڕین.

 

له‌گەڵ ئه‌وه‌ی مێژووی خه‌بات و ئازایه‌تی و خۆبه‌ڕێوبه‌ری ڕۆژئاڤای كوردستان نموونەیەكی بەرزی دونیابینییه‌كی نوێی دیموكراسییە له‌نێو تاریكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌ڵام هێشتا توركیا مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌یه‌ بۆسه‌ر ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی ڕۆژئاوا و جیهان، بۆیه‌ باشترین بژارده‌ كه‌ ده‌بێت له‌ رێگایه‌وه‌ سنوور بۆ تاوانه‌كانی توركیا دابندرێت ده‌ركردنه‌یه‌تی له‌ هاوپه‌یمانێتی ناتۆ."