چلەی ماتەمینی لێمان شوێش و یوسرا دەروێش بەرز ڕاگیرا
بە بەشداری سەدان کەس، ئازادیخواز و چالاکوانان چلەی ماتەمینی هەردوو ژنە تێکۆشەر لێمان شوێش و یوسرا دەروێش بەرز ڕاگیرا.
سلێمانی
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی میلانۆی شاری سلێمانی کەمپینی یەکڕیزی ژنان بە هاوبەشی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار بە دروشمی "شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن" مەراسیمی چلەی ماتەمینی بۆ هەردوو ژنە تێکۆشەر لێمان شوێش و یوسرا دەروێش سازکرد.
مەراسیمەکە، بە بەشداری کردنی چەندین کەسایەتی شاری سلێمانی، ئازادیخواز و چالاکوانان، بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و داگیرساندنی مۆم لە لایەن خانەوادەی شەهیدانەوە دەستی پێکرد.
دواتر بەیاننامەی یەکڕیزی ژنان لە لایەن فەوزیە عەبدولکەریم، چالاکوان، خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو ژنە تێکۆشەر لێمان شوێش و یوسرا دەروێش بوونە دوو سیمبۆلی بەرخودان بۆ گەلی کورد و بە تایبەتی ژنان، بۆیە پێویستە ئێمەی ژنانیش بەردەوامی بدەین بە رێگە و ڕێبازی ئەوان، نەهێڵین مافەکانی ژنان پێشێل بکرێت.
پاشان ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرە ستار بەیاننامەی کۆنگرەی ستاری خوێندەوە و ئەوەی خستەڕوو، لێمان شوێش ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ تێکۆشان و هەر لەو پێناوەشدا ژیانی خۆی دانا، لە باشووری کوردستانیش ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری هەبوو لە کۆکردنەوەی ژنانی پارتە سیاسییەکان، ئامانجی هۆشیارکردنەوە و بەرز کردنەوەی ئیرادەی ژنان بوو.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا چرۆ شوانی بەیاننامەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستانی خوێندەوە و وتی: ژنانی تێکۆشەری وەکو لێمان شوێش و یوسرا دەروێش هەمیشە جێگەی مەترسی بوونە بۆ سەر دوژمن، بۆیە دوژمنان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازاد دەدەن، بەڵام ئێمە درێژە بە سۆزی ئەوان دەدەین و بەردەوام دەبین لە خەبات.
دواتر کۆپلە شعرێک و سۆزێک پێشکەش بە گیانی ئەو دوو ژنە شۆڕشگێڕە کرا و سینەفزیۆنێک لە سەر ژیانیان خرایەڕوو.
"لێمان شوێش هەوڵی دەدا بۆ یەکگرتنی ژنانی کورد"
شەیدا مەعروف چالاکوان، باسی لەوەکرد: ئێمەی ژنان ناتوانین شتێک بڵێن لە ئاست خەباتی لێمان شوێشدا، چونکە ئەو هەموو ژیانی بۆ خەباتکردن دانابوو، هەمیشە هەوڵی یەکگرتن و یەکڕیزی ژنانی دەدا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و توانی جێ دەستی خۆی هەبێ لەو بوارەدا لە باشووری کوردستان، ئێمەش دەبێت درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە بین.