وەک بەرخۆدانێک لە مامەیارەوە نەورۆزی ئەمساڵ پیرۆز کرا

جەژنی نەورۆز وەک هەموو ساڵەکانی دیکە لەلایەن باشووری کوردستان پیرۆزکرا، تەواوی هاوڵاتیان لەگەڵ ئەوەدان ئەم یادە بەرز ڕابگیرێت و ببێتە وەڵامێک بۆ دوژمنان و داگیرکەران.

سلێمانی

 

٢٠ی ئادار کۆتا ڕۆژی وەرزی زستانە، لەم ڕۆژەدا یادی جەژنی نەورۆز لە تەواوی کوردستان، بە هەر چوارپارچەکەیەوە دەکرێتەوە، کوردان لە ناوخۆی کوردستان و لە وڵاتانی دەرەوە یادی ئەم جەژنە دەکەنەوە و بەرز ڕایدەگرن لە پێناو زیندوو هێشتنەوەی، لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵات و باشووریش نەورۆز پیرۆز دەکرێت.

 

لە باشووری کوردستان ساڵانی ڕابردوو تەنها لە گردی مامەیارە و شەقامی سالم ئاگری نەورۆز دەکرایەوە بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لە چەندین شوێنی جیاوازی دیکە ئاگر دەکرێتەوە، ئەم ساڵ لە گردی مامەیارە، شەقامی سالم، شاخی گۆیژە و پارکی هەواری شار ئاگر کرایەوە و هاوڵاتیان بە گڕوتینێکی زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد و ئەو بۆنەیەیان بەرز ڕاگرت.

 

هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بەرز ڕاگرتن و یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز وەک بەرخۆدان دەبینن، پێیان وایە بە یادکردنەوەی ئەم جەژنە لە چوارپارچەی کوردستان دەتوانن بە ڕووی داگیرکەراندا بووەستنەوە و ببێتە وەڵامێک بۆ دوژمنان.

 

"گەلی کورد سەر دانانەوێنێت بۆ دوژمنان"

ساڕێژ مستەفا، دانیشتوی شاری سلێمانییە، دەربارەی جەژنی نەرۆز پیرۆزبایی خۆی کرد و لە پاشان ئاماژەی بەوەدا هەموو ساڵێک یادی نەورۆز دەکاتەوە و سەردانی مامەیارە دەکات بۆ ئاهەنگ گێڕان، وتی "کورد یەک ڕۆژی هەیە بۆیە گرنگە ئەو ڕۆژە بەرز ڕابگرێت".

 

ئاماژەی بەوەدا، گەلی کورد هەرگیز سەر دانانەوێنێت بۆ هیچ دوژمن و داگیرکارێک بۆیە گرنگە یادی ئەم جەژنە بکاتەوە، چونکە جەژنی نەورۆز تایبەتە بە کورد و بە بەرز ڕاگرتنی گەلی کورد زیندوو دەمێنێتەوە، دەڵێت "هەتا یادی نەورۆز بەرزتر ڕابگیرێت هێشتا کەمە".

 

"یادکردنەوەی نەورۆز لەلایەن کوردانەوە جۆرێکە لە خەباتکردن لە پێناو خاکی کوردستان"

خانی ڕەزا، باسی لەوەکرد نەورۆز کلتوورێکی تایبەتە بۆ گەلی کورد، وەک خودی خۆی هەموو ساڵێک لە ٢٠ی ئاداردا ئەم یادەی کردووەتەوە و خۆی بۆ ئامادە کردووە، دەربارەی گرنگی یادکردنەوەی نەورۆز وتی "خودی خۆم لێکۆڵینەوەم کردووە لەسەر گرنگی ئەم جۆرە یادانە بۆ مانەوەی وەک کلتوورێک بۆ نەوەکانی داهاتوو، چونکە نەوەی نوێ نەهامەتییەکانیانی کەمتر بینیووە و پێویستە ئەم یادانە لە مێشکیاندا بمێنێتەوە".

 

کاتێک دوژمن دەبینێت گەلی کورد یەکگرتووانە یادی جەژنەکەی دەکاتەوە و خاکی خۆیان و کلتووریان دەپارێزن بێگوومان دەبێتە فشار بۆسەریان و هەوڵ ماندووبوونەکانیان پوچەڵ دەبێتەوە، بۆیە یادکردنەوەی نەورۆز وەڵامێکە بۆ دوژمنان و جۆرێکە لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوە.

 

"گرنگە کورد لە هەرشوێنێکی جیهاندا بیت یادی نەورۆز بکاتەوە"

بەناز جەمال، کوردێکی دانیشتووی وڵاتی سویدە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە هاتوەتەوە کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بەوەی بە جلی کوردییەوە هاونیشتیمانییەکانی خۆی دەبینێت و پێکەوە یادی نەورۆز لە خاکی کوردستان دەکەنەوە، بە گرنگی دەزانێت گەلی کورد لە هەر کوێیەکی جیهاندا بن کلتووری خۆیان بپارێزن و یادی نەورۆز بکەنەوە.

 

باسی لەوەکرد گەلی کورد لەوەتەی هەیە ناخۆشی دەبینێت، لە ئێستادا کەمێک ئازادی هەیە بەڵام گرنگە تێکۆشان و خەبات بکرێت بۆ زیادبوون تا دەگاتە ڕادەی ئازادبوون و سەربەخۆبوون بۆ ئەمەش بەرز ڕاگرتنی نەورۆز یەکێکە لە ڕێگاکانی تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی.

 

"هیواخوازم گەلی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن و سەربەخۆیی بەدەست بهێنن"

ناسک ڕەمەزان، بەشداری یادکردنەوەی نەرۆزی لە گردی مامەیارە کردووە، هیوا دەخوازیت هەموو کوردێک لە هەر جێگەیەک بێت دڵی خۆش بێت و سەربەرز بێت، وتی "هەرچەند زەحمەتی و ڕێگری هاتبێتە بەردەم گەلی کورد بەڵام لە یادکردنەوەی نەورۆز نەوەستاوە و کلتووری خۆیان پاراستووە".

 

لە کۆتایدا هیوا دەخوازێت چوار پارچەی کوردستان یەک بگرن و ئازادانە سەربەخۆیی بەدەست بهێنن.