لە ناوچە جیاوازەکان کوردان نەورۆز پیرۆز دەکەن

هەزاران کەس بەشداری پیرۆزکردنی نەورۆز دەکەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان سەرباری بارودۆخی ئەمنی توند کوردان بە جلی کوردییەوە دێنە مەیدانەکان و نەورۆز پیرۆز دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

هەزاران کەس بەشداری پیرۆزکردنی نەورۆز دەکەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان سەرباری بارودۆخی ئەمنی توند کوردان بە جلی کوردییەوە دێنە مەیدانەکان و نەورۆز پیرۆز دەکەن.

 

ئاهەنگی نەورۆز بە بەشداری هەزارەها کەس لە تەتوان لە باکووری کوردستان لە گۆڕەپانی فوئارە پیرۆزکرا، لەگەڵ ئەوەی پۆلیس گەماڕۆی ناوچەکەی دابوو بەڵام هاوڵاتیان بە جلوبەرگی کوردی گۆڕەپانی نەورۆزیان رازاندەوە و دروشمەکانی ئازادییان دەوتەوە، دایکانی ئاشتی و سیاسەتمەداران ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد.

 

لە دێرسیمی باکووری کوردستان لەگەڵ ئەوەی بارانێکی زۆر دەباری و کەشوهەوا ساردبوو بە دروشمی "هەموو جێگەیەک نەورۆز، هەموو کاتێک ئازادی و  بە نەورۆز بەرەو ئازادی" نەورۆز پیرۆزکرا، چەندین بەرپرسی کۆمەڵە عەلەویەکان و پارتە سیاسیەکان بەشداریان لە ئاهەنگەکە کرد و هاوڵاتیان بێوەستان، دروشمی " ژن ژیان ئازادی، بە ئاگری نەورۆز بەرەو ئازادی" و چەندین دروشمی دیکەیان دەوتەوە و قوربانیانی بوومەلەرزەکە وەبیرهێنایەوە و دواتر هونەرمەندان گۆرانیان پێشکەش کرد.

 

لە عەین عیسا ئاهەنگی نەورۆز لەلایەن کۆمیتەی کەلتوری و هونەری ئەنجومەنی کانتۆنی گرێ سپی لە پارکی ژنی عەین عیساوە سازکرا، بە سەدان هاوڵاتی بو جلوبەرگی کوردییەوە بەشداری ئاهەنگەکەیان کرد و دواتر مەشخەڵی نەورۆزیان داگیرساند و لەلایەن ئامادەبووانەوە ئەوە وەبیرهێنرایەوە کە لە سایەی فیداکاری شەهیدان، بە ئارامی، ئاشتی و ئازادی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین.

 

دواتر لەلایەن گروپی هیلالی زێڕین، شەهید بۆتان، شەهید بەرچەم، شەهید هۆگر و گروپی شەهید گیڤارا گۆرانیان وت و بەشداربووان هەڵپەڕکێیان کرد