ژەهراویکردنی خوێندکاران بەردەوامە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

لە درێژەی ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکاران لە قوتابخانە و بەشە ناوخۆییەکانی کچان، ژمارەیەکی دیکەی کچان ژەهراویبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای ناڕەزایەتی و پێداگری خێزانی خوێندکارەکان لە ژەهراویکردنی خوێندکارەکانیان و داواکارییان بۆ بەدواداچوونی ئەم کارە کە ژیانی داهاتووی کۆمەڵگەیان خستوەتە مەترسییەوە، بەڵام ژەهراویبوونەکان هێشتا بەردەوامە.

 

ئەمڕۆ، قوتابخانەی ئامادەیی کچانی مەریوان، قوتابخانەی کچانی گوندی موبارەک ئاباد، قوتابخانەی کوڕانی  ٢٢ بەهمەن، قوتابخانەی سەرەتایی کچانی ڕوقیە دهلەران، خوێندکارانی یەزد و قەزوین، قوتابخانەی کچان لە سەلماس و دیواندەرە، ئەمجارە بوونە ئامانجی ژەهراویکردنەکانی ڕژێمی ئێران و ژمارەیەک خوێندکاریش گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

دوێنێ شەویش لە بەشەناوخۆیی کچانی زانکۆی علوم بهزستی بۆنێکی ناخۆش هەستپێکراوە، خوێندکاران دوای ئەوەی هەستیان بەو بۆنە ناخۆشە کردووە شوێنەکانیان بە جێهێشتووە، بەهۆی بوونی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس لەو نزیکانە بە خوێندکارەکانیان وتووە ڕەنگە ئەو بۆنە بەهۆی سوتاوییەوە بێت و داوایان لە خوێندکاران کردووە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و بەهۆی گازە ژەهراوییەکانی دوێنێشەوە ژمارەیەک خوێندکار ژەهراویبوون.