هەزاران کەس لە بەرلین بۆ پشتیوانی گەلی ئێران گردبوونەوە

لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لە بەرلین هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلی ئێران نیشاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ژمارەیەکی بەرچاوی شارەکانی جیهان بە دەیان هەزار کەس هاوسۆزی خۆیان بۆ گەلی ئێران نیشانداوە، ڕۆژی شەمە لە بەرلین هەزاران هاووڵاتی ئێرانی لە نێو ٨٠ هەزار کەسدا بوون کە بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکدا کرد کە پاڵپشتی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی گەلی ئێران دووپاتکردەوە.

 

ئێرانییەکان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی بەرلین و سوید، ئیتاڵیا، فەرەنسا، سویسرا و شارەکانی دیکەی ئەوروپادا کرد، هەروەها لە لەندەن، تۆرۆنتۆ، واشنتۆن و لۆس ئەنجلۆس خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدراوە.

 

لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان گۆرانی "بۆ ئازادی" دەوترایەوە کە بووەتە هێمای ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانییەکان،  وە گرووپە جۆراوجۆرەکان پێکەوە دروشمی "مەرگ بۆ ڕژێمی ئێران "یان دەوتەوە.

 

لیزا پاوس وه‌زیری پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانیا بۆ کاروباری بنه‌ماڵه‌ له‌ تویتێکدا نووسیویه‌تی: ئه‌مڕۆ هه‌زاران که‌س هاوسۆزی خۆیان له‌گه‌ڵ ژنانی بوێر و خۆپیشانده‌رانی ئێران نیشان ده‌ده‌ن، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە پاڵپشتانین".

 

لە گردبوونەوەیەکدا لە نیوزلەندا، ئێرانییەکان ئاڵای ئێرانیان بەدەستەوە بوو و دروشمی "ژنانی ئازادی"یان بەرزکردەوە، لە شاری بریسبانی ئوسترالیا، ئێرانییەکان سەرەڕای بارانبارین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 

فەریبا بەلووچ، چالاکی مافی مرۆڤ دوای پێشکەشکردنی وتارێک لە گردبوونەوەکەی بەرلین، ئاماژەی بەو شارانەی ئێران کرد کە ناڕەزایەتییەکانیان ئەنجامداوە و وتی: لە زاهیدانەوە تا تاران گیانی خۆم لە پێناو ئێراندا بەخت دەکەم، جەماوەریش بە “مەرگ بۆ خامنەیی” وەڵامیان دایەوە.