دەوڵەتی تورکیا بە چەکی کیمیای  هێرش دەکاتە سەر خاکی باشووری کورستان

دەوڵەتی تورکیا بە چەکی کیمیای هێرشیکردە سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا و بەهۆیەوە ١٧ گەریلای ئازادی شەهید بوون، لە پرسەی شەهید پەیام شاری سلێمانی ئازادیخوازان پەیامی خۆیان بۆ ڕزگاری کوردستان دووپات کردەوە.

سلێمانی

 

دەوڵەتی تورکیا  دوێنێ بە چەکی کیمیای هێرشیکردە سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا و بەهۆیەوە ١٧ گەریلای ئازادی شەهید بوون، لە نێویاندا شەهید دەلال هەبوو کە تێکۆشەرێکی خەڵکی باشووی کوردستانە، بەم هۆیەشەوە ئەمڕۆ چالاکوانان و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕێپیوانێکیان ئەنجامدا بەرەو پرسەی شەهید دەلال بەڕێکەوتن و ئیدانەی ئەم هێرشە نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورکیایان کرد.

 

لە ڕێپێوانەکەدا چالاکوانان و ئەندامی ڕێکخراوەکان دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە، دوای سەرەخۆشی خۆیان بۆ شەهید دەلال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بە بێدەنگی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵتی  کرد لە ئاست ئەم هێرشانەدا کە دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی کوردستان ئەنجامی دەدات و گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەکاتە ئامانج.

 

" دەسەڵاتی فاشیزم لە تێکۆشانی ژنان دەترسێت"

 سارا ڕەزا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری کۆمەڵگەی ئازادی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە بێ هیچ پاساوێک کار دەکات لەسەر قڕ کردنی گەلەکەمان، " شەهید کردنی ژنان بۆتە ترسێکی گەورەی فاشیزمەکان کە ناتوانێت تێکۆشانی ژنی ئازاد و چالاک ببینیت، ئەمڕۆ ژنان پێشرەوی شۆڕشیک دەکەن و بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان ودادپەروەر، ئەمەش ترسێکی لای داگیرکەران دروست کردوە، بۆیە داگیرکەران دەستیان کردووە بە شەهید کردنی ئازادیخوازان.

 

هیچ پاساوێکی ئەخلاقی نیە لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایدا، ئەم هێرشە بە جینۆسایدی نەتەوەکەمانی دەزانین، داوا دەکەم کە هیچ  لایەنێک ئەم هێرشانە قبوڵ نەکات چوونکە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات پێچەوانەی هەموو یاسا و مافەکانی مرۆڤە، بێدەنگی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر نیشانەی بەردەوامبوونی پلانگێڕیە لەسەر گەلەکەمان".

 

" دایکان ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئازادیخوازان دەکەن"

دایکی شەهید هەڵمەت کە بەشداری پرسەی شەهید پەیامی کردبوو وتی" داواکارم کە کۆتایی بە شەڕ بێت و ئیتر چەکی کیمیای و هەر چەکێکیتر بەکار نەهێنن بەرامبەر بە کورد، پێویستەکوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان هەموویان یەکدەنگ بن و چیتر ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە شەهید نەکرێن"

 

دایکی شەهید پەیام ناسراو بە "دەلال" بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی : "من شانازی دەکەم کە شەهید پەیام لە ڕێگەی سەروەری خاکی خۆیدا شەهید بووە، ئەو ڕێگەیەی هەڵبژاردووە، حکومەتی هەرێمیش هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک چونکە هیچ کاردانەوەیەکی نیە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورک دەیکاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، داوا دەکەم کە شەهید پەیام کۆتا شەهید بێت و  چیتر کەس شەهید نەکرێت".

 

"حکومەتی هەریم جیاوازی نییە لەگەڵ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر"

 بەیەن فەرەج، ئەندامی کۆمیەتی شەهیدان لە باشووری کوردستان وتی: " هەڤاڵ پەیام بە پەیامەکانی ئەوەیدا بە گوێی دوژمنان کە ئێمە هەین کە بەرگری دەکەین لە گەلێک و لە خاک و نیشتیمانمان، شەهید پەیام و شەهیدەکانی تر ئەوەیان سەلماند کە دەبێت لە هەموو جێگەیەک پایامی "ژن، ژیان، ئازادی" بوترێتەوە، دەوڵەتی تورک پیسترین و خراپترین گازی فسفۆڕ و کیمیای بەسەر گەلی کوردا ڕژاندووە لە چیای قەندیل و ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانەی شەهیدکردووە".

 

ڕووناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان وتی" شەرمەزاریە بۆ هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کە بێدەنگ بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک هەر وەک هێرشەکانی ڕژێمی بەعسە کە بەرامبەر بە کورد دەیکرد و چەکی کیمیای بەکار دەهێنا لە باشوری کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا ئەندامی ناتۆیە بۆیە ناتۆ بێدەنگە لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەرچەندە دەگیرکەران کار دەکەن بۆ بێ ئیرادەکردنی ژنان بەڵام شەهید کردنی پەیام زیاتر ئیرادەی دروست کردووە بۆ ژنان کە لەسەر خەبات و ڕێگای تێکۆشانیان بەردەوام بن".