دادگا بڕیاری ئازادکردنی بە کەفالەتی بۆ نازیلە مەعروفی ڕەتکردەوە

بە پێی دوایین زانیاری سەبارەت بە بارودۆخی نازیلە مەعروفی، ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی سەقز، دووجار تووشی جەڵتەی دڵی سووک بووە و سەرەڕای ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "مفەتح شەهراری"، بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی چارەسەری گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی هەینی، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان وردەکارییەکانی سەبارەت بە بارودۆخی "نازیلە مەعروفی"، ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوی سەقزی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، نازیلە بەهۆی ئەو فشارانەی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ڕوویدا، تووشی جەڵتەی دڵی سووک بووە، دادگاش ڕەتیدەکاتەوە کەفالەت بۆ نازیلە دەربکات.

 

بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ، محەمەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بەرگری لە نازیلە سەبارەت بە دۆخی دۆسیەی نازیلە وتی: "ڕۆژی چوارشەممە، نوێنەرایەتی خۆمم لە دادگا ڕاگەیاند، لە ئێستادا هیچ زانیارییەکم نییە سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی نازیلە کراون".

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، دوای ٦٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی نازیلە مەعروفی، دوو دۆسیەی جیاواز لە دژی تۆمار کراوە کە یەکێکیان لە لقی ٢٦ی داواکاری گشتی و شۆڕشی تاران و ئەوی دیکەیان لەگەڵ لقی ٢٦ی دادستانی گشتی و شۆڕشگێڕی تاران تۆمار کراوە، لقی ١٠٢٤ی دادگای تاوانەکان ٢ ڕەوانەی تارانی کردووە.

 

نازیلە مەعروفی بە هۆی بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی لە ماڵپەڕی ڕووداوی ٢٤ لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بە فەرمانی داواکاری گشتیی ئەمنی گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەڤین، لە ماوەی لێپرسینەوە لە زینداندا دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵەرە ئەمنییەکان فشار و هەڕەشەی توندیان بەکارهێناوە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی مافی مرۆڤدا هاتووە: "بەهۆی ئەو فشارە زۆرانەوە دوو جەڵتەی دڵی سووک تووشی نازیلە بووە و سەرەڕای ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی مفەتح شەهراری، بەبێ تەواوکردنی ڕێکارەکانی چارەسەرکردن گەڕێندرایەوە بۆ زیندان، هەروەها خێزانەکەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێت به هیچ شێوەیەک لەبارەی کچەکەیان کەس ئاگاداربکەنەوه ، به پێچەوانەوه دۆخەکه بۆ نازیلە قورستر دەکەن.