نیاز عەبدوڵا خەڵاتی نێودەوڵەتی ئازادی ڕۆژنامەنووسی پێبەخشرا
ڕۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا لە نیویۆرک لە لایەن لەلایەن كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان " "CPJخەلاتی نێودەوڵەتی ئازادی ڕۆژنامەنووسی پێبەخشرا.
ناوەندی هەواڵ
نیاز عەبدوڵا، نووسەرو ڕۆژنامەنووس لە پەرەی خۆی لە تۆڕي کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەگەڵ دانانی چەند وێنەیەک لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی ئازادی ڕۆژنامەنووسی نووسویەتی: بە خۆشحاڵییەوە پێتان ڕادەگەیەنم، ڕۆژی ١٦ی تشرینی دووەم لە ""CPJ، خەڵاتی نێودەوڵەتی ئازادی ڕۆژنامەوانیم پێبەخشرا.
نیاز عەبدوڵا خەڵاتەكەی پێشكەشكرد بە چوار سیمبولی ئازادیخوازی كوردستان، كە بریتین لە: زیندانیانی بادینان، ژینا ئەمینی، سەڵاحەددین دەمیرتاش و مەزڵوم عەبدی.
"کاری زیاتر دەبێت هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری"
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەختی و ئاڵنگارییەكانی بەردەم كاری ڕۆژنامەوانی هەرچەند زۆریش بن، دەكرێت وەربگێردڕێن بۆ ئازایەتی و بەردەوامی كاری زیاتر، بۆیە هەموو كۆڵنەدان و تێكۆشانێكی بەردەوام لەپێناو پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەوانی و بنەماكانی دیموكراسی، بەرهەمدار دەبێت و دەكرێت ببێتە هۆی دروستكردنی گۆڕانكاری.
نووسیویشیەتی: سوپاسی زۆرم هەیە بۆ هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی تاوەكو ئێستا، سەرەڕای سەرجەم فشار و مەترسییەكانی سەریان، بەردەوامن لە وتنی ڕاستییەكان و بە پرەنسیپەوە كاردەكەن.،زۆر سوپاس بۆ سەرجەم هاوڕێكانم، كە هەمیشە بە هەڵوێست و ورەوە لەگەڵمان بوون، زۆر سوپاس بۆ تەواوی تیمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی CPJ و تیمەكانی دیكەی ڕێكخراوەكە لەسەرجەم شوێنەكانی جیهان، دڵسۆزی ئێوە بێوێنەیە.