ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەرکرد
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق فەرمانی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ دادوەرانی سەرجەم پارێزگا و قەزاکانی عێراق دەرکرد.

ناوەندی هەواڵ
میدیا عێراقییەکان زانیاری نوێیان سەبارەت بە پەسەندکردنی فەرمانی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە سەرۆکایەتی فایەق زەیدان، پێنجەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تاوتوێی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٥ و پڕۆژەیاسای دووەمی هەمووارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠١٦ی کرد و پرس و کێشەکانی بەردەم کارەکانی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی خستە بەرباس.
ڕاگەیەندرا کە ئەنجومەنی باڵا فەرمانی بە دادوەرەکان کردووە یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێ بکەن. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە گواستنەوە و دامەزراندن و پۆستە دادوەرییەکان، ژمارەیەک دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی پلەیان بەرزکرایەوە.
شایانی باسە لە ٢٢ی کانوونی دووەم یاسای لێبوردنی گشتی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا. دواتر لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق واژۆی لەسەر کرد. هەروەها لەم هەفتەیەدا لە ڕۆژنامەی فەرمی عێراقیشدا بڵاوکرایەوە.