نێرگس محەمەدی دژی بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بانگی گەلی کرد: یەک دەنگ بن

سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ چالاکوان و ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی، نێرگز محەمەدی داوای لە سەرجەم هاوڵاتیانی ئێران و ئازادیخوازان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، کە یەکگرتوو بن و دژی ئەم سیاسەتی لەسێدارەدانە بوەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

٨ی کانوونی دووەم، ئەمیر ڕەیسیان پارێزەری زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی، ڕایگەیاند کە دادگای باڵای ئێران بڕیاری سەپێندراوی لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزیدا پشتڕاست کردەوە.

 

کاردانەوەکان دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە زیادبووندایە، نێرگز محەمەدی، زیندانی سیاسی زیندانی ئەڤین، پەیامێکی لە تۆڕی دیجیتاڵی میدیای خۆی سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی بڵاوکردەوە.

 

"ڕژێمی ئێران هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات"

 نێرگس محەمەدی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: ڕژێمی ئێران بە دەستپێشخەری لە سێدارەدانی ژنە زیندانیانی سیاسی دەیەوێت تۆڵەی خۆی بۆ هاوڵاتیان نیشان بدات، پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی بە ئامانجی بێدەنگکردنی ژنان و تۆڵەسەندنەوەیە لە شکۆمەندی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، داوا لە هەموو هاوڵاتیانی ئێران و ئازادیخوازان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم یەکگرتوو بن و دژی ئەم سیاسەتی لەسێدارەدانە بوەستنەوە.