بانگەوازی لە ژنانی ئەستەنبوڵەوە: ئێمە دەنگی پەخشان عەزیزین

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ دژی سەپاندندی سزای لەسێدارەدان بەسەر چالاکوان و ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزیدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "سزای لەسێدارەدان بۆ ژنان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی ژنانی  یەکسانی و دیموکراتی-دەم پارتی لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە ئیستەنبوڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا ئەنجامدا و دروشمی "با ئێران سزای لەسێدارەدان بوەستێنێت"، "ئێمە دەنگی پەخشان عەزیزین"، "ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی"یان وتەوە.

 

"ئێمە دان بەم بڕیارە نانێین"

هالیدە تورکئۆغڵو، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەمڕۆ لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران کۆبووینەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ئێمە دان بەم بڕیارە نانێین. داوا لە هەموو لایەک دەکەین دەنگی خۆیان لە دژی ئەم بڕیارە نامرۆڤانە بەرز بکەنەوە. ئێمە لەگەڵ ئەو ژنانەدا وەستاوین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. ڕژێمی فاشیستی مەلایی لە ئێران لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵی دوورخستنەوەی ژنانی لە خەبات و تێکۆشانیان داوە لە ڕێگەی بڕیاری سزای لە سێدارەدان. ڕژێمی فاشیستی مەلایی دەیەوێت لە ڕێگەی سێدارەوە ڕێگری لە خەباتی ژنان بۆ ئازادی بکات. پەخشان عەزیزی دەڵێت "دەزانم باجی ئازادی قورسە"، بەڵام ئامادەیە باجی ئازادی بدات. بانگەوازی هەموو ڕای گشتی تورکیا و وڵاتانی جیهان دەکەین. پەخشان عەزیزی داکۆکیکاری مافی مرۆڤە، ژنە ڕۆژنامەنووسێکە، خەباتێکە بۆ ئازادی. بۆیە بووەتە ئامانجی ڕژێمی ئێران، ئێمەش دەزانین کە سیاسەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی پێدەدرێت.

 

"واز لەم سیاسەتانە بێنن"

هالیدە تورکئۆغڵو ڕایگەیاند کە ئەوان دەڵێن پێویستە ئەم کوشتن و کۆمەڵکوژییە کۆتایی پێبێت و وتی: ئێمە دەڵێین کە پاراستنی ئاشتی بەندە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی یەکسانی ژیانەوە، ئێمە دەڵێین ئەم سیاسەتانە ڕابگرن، ئێمە دەڵێین ژن، ژیان، ئازادی.