"فشار لەسەر ژنانی بەهائی زیادی کردووە"
کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکاری و گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ژنانی بەهائی بڵاوکردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دوو لەسەر سێی زیندانیانی بەهائی ژنن و بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دەستبەسەر کراون.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/12/20241224-20241224-zn-bhayy-asfhan-ravn-v1308x687-box-001198630-750x430-1-1-webpd0c0c8-image-jpgee1dc1-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکاری و گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ژنانی بەهائی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ژنانی بەهائی لە ئێران دەستبەسەر دەکرێن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بێسەروشوێن دەکرێن، دەست بەسەر موڵک و ماڵییاندا دەگیرێت و ئازادی چوونە دەرەوەیان نییە، ئێستا زیاتر لە جاران زیندانی دەکرێن و لە زیندانەکان بۆ ماوەیەکی نادیار دەهێڵرێنەوە.
هەروەها باس لەوە کراوە کە دوو لەسەر سێی زیندانیانی بەهائی ژنن و بەبێ هیچ بیانوویەکی یاسایی دەستبەسەر کراون، هەروەها ژنانی بەهائی ڕووبەڕووی هەراسانکردن و فشار دەبنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ئەم فشارانە بۆ سەر ژنانی بەهائی قبوڵ ناکەن و ئیدانەیان دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ١٥ ژنی بەهائی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.