خۆبەڕێوەبەری ١٠ خاڵی بۆ بنیادنانی سووریای ئایندە بڵاوکردەوە

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی ١٠ خاڵی بۆ گفتوگۆی بنیادنانی سووریای ئایندەی بڵاوکردەوە و داوای لە هەموو وڵاتانی سووریا و نێودەوڵەتی و عەرەبی کرد هەنگاو بنێن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی سووریا بڵاوکردەوە.

 

راگەیاندراوەکە لە بەردەم بینای خۆبەڕێوەبەری لە شاری ڕەققە لەلایەن هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکردن، ئەڤین سوێد و حەسەن عوسمان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

"لەگەڵ کەوتنی ڕژێمی بەعس، سووریا چووە ناو پرۆسەیەکی نوێوە، بۆ ئەوەی بتوانین سەرکەوتووانە بەم پرۆسەی گواستنەوەدا تێپەڕین، پێویستە یەکگرتوو بین. پێویستە یەکبگرین و پێکەوە کاربکەین بۆ کێشانی نەخشەی هاوبەش. سیاسەتی وەدەرنان و پشتگوێخستن کە سووریای وێران کردووە، دەبێ کۆتایی پێبێت، پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان لە پڕۆسەی گواستنەوە لە بنیادنانی سووریای نوێدا جێگەی خۆیان بگرن. لەم پێوەندییەدا داوا لە هەموو لایەنەکانی سووریا دەکەین کە ڕێبازەکانی خۆیان بۆ یەکتر لەبەرچاو بگرن و بەرژەوەندییە نیشتمانییە هاوبەشەکان لە سەرووی هەموو شتێکەوە وەربگرن.

 

لەسەر ئەم بنەمایە دەبینین کە هاوکاری نێوان خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیک و ئیدارەی سیاسی لە دیمەشق بەگوێرەی بەرژەوەندیی هەموو سوورییەکان دەبێت. ئەم بەشدارییە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی لەم پرۆسەیە دەربچین. ئێمە وەک خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەرپرسیارێتی خۆمان بەرامبەر گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەزانین. بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان بەرامبەر گەلەکەمان، ڕاگەیاندراوی دیالۆگی سووریا بۆ دروستکردنی سووریایەکی نوێ دەخەینەڕوو.

 

ئێمە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، ڕۆڵی ئەرێنی دەوڵەتانی عەرەبی، ئەو دۆستانە بەرز دەنرخێنین کە پشتیوانی تەواوی گەلی سووریا دەکەن. پێویستە ئەم پشتیوانییە بەردەوام بێت بۆ بنیادنانی سووریای نوێ بەمەبەستی دەستەبەرکردنی مافی هەموو گروپەکان، بەپێی بنەما دیموکراسیەکان بەمەبەستی دابینکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنی وتووێژی نیشتمانی سووریا کە هەمووان بتوانن بەشداری تێدا بکەن.

 

هێزەکانی سووریا دەیانەوێت لەسەر ئەم خاڵانە پێکەوە کاربکەن:

*پاراستنی یەکێتی و هەژموونی خاکی سووریا و پاراستنی لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی.

*چالاکی سەربازی لە سەرتاسەری خاکی سووریا ڕابگیرێت و گفتوگۆی نیشتمانیی گشتیی بنیادنان دەست پێبکات.

*هەڵوێستی خۆشەویستی و دوورکەوتنەوە لە قسەی ڕق و خیانەت لە نێوان سورییەکان. سووریا دەوڵەمەندە بە هەموو پێکهاتە و ڕەنگەکانی، ئەم فرەچەشنی و دەوڵەمەندییە دەبێت لەسەر بنەمای دیموکراسییەکی دادپەروەر پارێزراو بێت.

 

* بەمەبەستی یەکخستنی بۆچوونەکان سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوە، پێویستە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە دیمەشق بە بەشداری سەرجەم هێزە سیاسییەکانی سووریا بەڕێوەبچێت.

*بەشداری ژنان لە پڕۆسەی سیاسیدا کارا بێت.

*سەروەت و سامان و سەرچاوە ئابوریەکان موڵکی تەواوی گەلی سووریایە، دەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە هەموو ناوچەکانی سووریا دابەش بکرێن.

 

* پێویستە گەرەنتی گەڕانەوەی دانیشتوانی ڕەسەن و کۆچبەران، کە بە بەزۆر ئاوارە بوونە بکرێت، هەروەها میراتی کولتووری ئەوان بپارێزرێت و کۆتایی بە سیاسەتەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی بهێنرێت.

*لەگەڵ پێشهاتەکانی سووریا دووپاتی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە شەڕی دژی تیرۆر بۆ ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش نەگەڕێتەوە. ئەمەش بە هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت.

*پێویستە داگیرکاری کۆتایی بێت، بڕیاری دیاریکردنی داهاتوویان لە دەستی گەلی سووریادا بێت، پێویستە دراوسێیەتی باش جێبەجێ بکرێت.

 

* پێشوازی لە ڕۆڵی بنیادنەری دەوڵەتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکانی چالاک لە سووریا دەکەین. ئێمە داوایان لێدەکەین کە ڕۆڵێکی ئەرێنی و کارا بگێڕن لە پێدانی ئامۆژگاری و پاڵپشتیکردنی گەلی سووریا و نزیکبوونەوە لە بۆچوونی پێکهێنەرانی سووریا. ئەم ڕۆڵە دەبێت پاراستنی ئاسایش و ڕێگریکردن بێت لە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سووریادا.