"توندوتیژی دژی ژنان بەهۆی سەرمایەداری و پیاوسالارییەوە پەرەی سەندووە"
چالاکوانانی ژنانی تونس ڕایانگەیاند کە سیستەمی سەرمایەداری و چەوساندنەوەی پیاوسالاری توندوتیژی دژی ژنانی زیاد کردووە و خەباتی هاوبەشی ژنان لەسەر ئاستی جیهاندا دەتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات.
زهور مەشرەقی
تونس- ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمڕۆ دەڕژێنە شەقامەکانو دژی توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەوەستنەوە و داوای ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی ژنان دەکەن، بۆ ئەمساڵیش ژنان سەرنجیان لەسەر هێرشی دەوڵەتە باڵادەستەکان و شەڕە بەردەوامەکانە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژنان و منداڵان هەیە.
سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دورە مەحفوز، توێژەری تونسی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان وتی: ژنان لە تونس، لوبنان، سووریا، فەلەستین و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەبات دژی توندوتیژی دەکەن. چونکە توندوتیژی دژی ژنان بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و سیستەمی ئیمپریالیستەکان دژی دەنگی ژنان دەجەنگن.
دورە مەحفوز لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان لە تونس تووشی قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، دۆخەکە لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات، ژنانی تونس زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی توندوتیژی ئابووری و بێکاری و هەژارییەوە، هەروەها بەهۆی پیاوسالارییەوە کە دەرفەتی زیاتر دەدات بە پیاوان، پیاوان دەتوانن زیاتر لە ژنان کار بکەن و دەرفەتی بەردەمیان زیاترە، هەرچەندە یاسایەک هەیە دژی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام هێشتا ڕێژەی توندوتیژی ٧ هێندە زیاترە و دیاردەی کوشتنی ژنان لە تونس نوێ نییە.
١١ ژن بەهۆی بۆچوونە سیاسییەکانیانەوە دەستگیرکران
سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی، دورە مەحفوز وتی: یاسا گرنگە بۆ وەستاندنی دیاردەکە، بەڵام دەبێت وریایی هەبێت، پەیوەندیی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ نمونە نەوەیەکی توندوتیژ دروست دەکات، لێیان دەدرێت و سزا دەدرێن بە شێوەیەکی توند، ئەمەش یەکەم هۆکارە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی توندوتیژی لە تونس، هەروەها لە ئەنجامی ئەو واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە سووکایەتی بە ژنان دەکات دەستگیرکردنی ژنە چالاکوانانی مەدەنی و فێمینیستەکان بەهۆی هەڵوێست و بۆچوونەکانیانەوە دەستیپێکرد و نزیکەی ١١ ژن بەهۆی بیروڕای سیاسییەوە دەستگیرکران و خرانە زیندانەوە، ئێمە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەجەنگین، هەمیشە دەبینین ژنان دەستگیردەکرێن و دەخرێنە زیندانەکانەوە، دەبێت چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مافی ژنان زیاتر هەڵوێستیان هەبێت و درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەروەها لە دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بوەستنەوە، ئەمەش تەنها لە تونس نابێت، بەڵکو پێویستە بەرخۆدان بگاتە لوبنان و غەززە و سودان و ئەو ناوچانەی ژنان دووجار زەرەرمەند دەبن، چونکە کوشتنەکە بەردەوامە بەبێ ئەوەی کەس ڕێگری لێبکات، توندوتیژی و دەستدرێژی و برسێتی و ئیستغلالکردن بەسەر ژنانی ئەو ناوچانەدا ڕوودەدات.
"دەبێت سنوری ترس بشکێنرێت"
خلود مەقنی، چالاکوانی ژنان و نوێنەری کۆمەڵەکانی ژنانی دیموکراتی تونس لە پارێزگای سەفەقیس لە باشووری وڵاتەکە، وتی: لە پارێزگاکانی باشوور ژنان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. ئەو بێدەنگی و ترسە توندوتیژی زیاتر دەکات، بۆچوونی کۆمەڵایەتی خراپ لە توندوتیژی دژی ژنان وایکردووە زۆرێک لە ژنان سکاڵا نەکەن و لەگەڵ توندوتیژیدا بژین، پیاوسالاری ژن وەک موڵکێکی تایبەت دەبینێت و مافی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە دەدات.
خلود مەقنی ئیدانەی ڕێگری لە تۆمارکردنی سکاڵای بەشێک لە ژنانی توندوتیژی لێکراو کرد کە لە لایەن یەکە تایبەتەکانەوە ئەنجام دەدرێت و وتی: هەوڵدان بۆ هاندانی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوونە تا سکاڵا نەکەن، کارێکی نایاساییە و پێچەوانەی یاسای ٥٨ی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە.
لە کۆتاییدا چالاکوان خلود مەقنی داوای لە ژنان کرد کە یاسا لە سەرووی هەموو لایەکەوەیە و یاسا هەیە بۆ پاراستنی هەموو کۆمەڵگە بە ژنانیشەوە، داوای کرد سنووری ترس بشکێنن لە پێناو ڕاگرتنی توندوتیژی.