زەینەب جەلالیان لە خزمەتگوزاری پزیشکی و سەردانی خێزانەکەی بێبەشە
زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی لە زیندانی یەزد، سەرەڕای خراپی باری جەستەیی، مافی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە شیاوەکان و سەردانی خانەوادەکەی لێسەندراوەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد، کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، ئێستا بە بێ ڕەچاوکردنی بنەمای جیاکردنەوەی تاوانەکان و لە دەربەدەری لە زیندانی یەزد و سەرەڕای خراپی باری جەستەیی، بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات تا ئێستاش لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکەی بێبەشە.
سەرەڕای ئەوەی زەینەب جەلالیان بەدەست نەخۆشییەکانی گەدە و ڕیخۆڵە و گورچیلە و چاوەوە دەناڵێنێت، لە چارەسەری پزیشکی پسپۆڕی بەردەوام بێبەش بووە. هەروەها له کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوه به فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات سەردانی پزیشکی قەدەغه کراوه .
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا تیمێکی لێکۆڵەران لە وەزارەتی ئیتلاعات دووجار لە فەرمانگەی ئەمنی زیندانی ناوەندیی یەزد چاویان بە ناوبراو کەوت و داوایان لێکرد واژۆ لەسەر "نامەیەکی تەوبە" بکات، کە دەقەکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات ئامادەکرا بوو. بریکارە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ئەو نامەی تەوبەی واژۆ بکات، بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ پرسی چارەسەرکردن و تەنانەت پارێزبەندییەکەی دەکرێت، زەینەب جەلالیان بە ڕەتکردنەوەی واژۆکردنی ئەم نامەیە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە مافێکی یاسایی زیندانییەک زانیوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا، ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن تیمێکی لێکۆڵەرەوانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە کەلەپچە بەسترابوو و هەڕەشەی لێکرا کە تا ئەو کاتەی پەشیمانی دەڕنەبڕێت، لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی زیندانییەک بێبەش دەکرێت، زەینەب جەلالیان هەموو داواکارییەکانی لێکۆڵەرە ئەمنییەکان بۆ دەربڕینی پەشیمانی ڕەتکردەوە و لێپرسینەوەی بە کەلەپچەوە بە نموونەی ئەشکەنجەدان زانی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زەینەب جەلالیان لە دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی یەزد، ٤ ساڵ لەمەوبەر تەنیا یەک جار توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.
زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی ئەوەی ئەندامی گروپەکانی دژە ڕژێم بووە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. سزای لەسێدارەدانی زەینەب جەلالیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوە و دادگای باڵای ئێران پشتڕاستکرایەوە، بەڵام بە کەمکردنەوەی سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
زەینەب جەلالیان چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بەجۆرێک وەک قامچی لێدان لە بنی پێیەکانی، لێدان لە سکی، لێدانی سەری بە دیوار و هەڕەشەی دەستدرێژیکردنە سەری، ئەشکەنجە دراوە.